جەیمس کامیرۆن نوێترین پێشانگەی هونەری خۆی لە پاریس رێکدەخات

هونەرمەند و دەرهێنەری دیاری ئەمریکا، جەیمس کامیرۆن، لە وڵاتی فەڕەنسا و بەدیاریکراوییش لە مۆزەخانەی سینەماتیکۆی پاریس، سەرقاڵی ئەنجامدانی نوێترین پێشانگەی خۆیەتی.

دیارترین پارچە نمایشکراوەکانی ئەم پێشانگەیە، لە دەستنووسی سەرەتایی، وێنەی کێشراوی سەردەمی گەنجی، پۆرترەیتی رۆز لە تایتانیک و چەندین وێنە و پەیکەری کارەکتەری ناو فیلمەکانی پێکهاتوون.

وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، وێنەکێشان، حەز و خولیایەکی لەمێژینەی بووە و دەروازەیەک بووە بۆ چوونە ناو جیهانی سینەما و وێنەی جووڵاو، هونەری وێنەکێشان، توانیویەتی هاوکارییەکی گەورەی ئەم دەرهێنەرە بکات و پاڵپشتێکی گەورەی بووە لە سەرکەوتنەکانیدا، بەڵام ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچێت و دەڵێت، "باوەڕم بەوەیە وێنەکێشان دەبێت بە هونەرێکی ونبوو، تەنانەت ئەو هونەرمەندانەی ئێستا لەگەڵمدا کاردەکەن، قەڵەم بەکارناهێنن بۆ وێنەکێشان، کە دەمبینن قەڵەم و وەرەقە بەکاردەهێنم، وەکو دایناسۆر لێم دەڕووانن، ئەوان هەموو فۆتۆشۆپ و ئامێرەکان بەکاردەهێنن، من ناتوانم وەکو ئەوان بە شێوازە نوێیەکە قایل ببم، بەڵام ئەوان هەر ناوازەن، بەڵام پێویستە من وێنە بکێشم و سەرقاڵی دەبم".

ئێستا جەیمس کامیرۆن سەرقاڵی ئامادەکاریی و بەرهەمهێنانی فیلمی سێیەمی ئاڤاتارە، لەکاتێکیشدا ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە و ناوەندە هونەرییەکانی گرتووەتەوە، کامیرۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، ژیریی دەستکرد جێی سەرنجە لە شیکردنەوەی ئاگایی مرۆڤدا، هاوتای دروستکردنی شۆڕشێک کە هونەری فیزیایی مرۆڤ بباتە ئاستێکی بەرزتر.

ئاماژە بەوەش دەدات، "بەردەوام سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆک و دروستکردنی هونەردا بووم، بیرم لەوە کردەوە رۆمانێک بنووسم و وێنەی بۆ بکێشم، بەردەوام کۆمیک هەبووە، بەڵام رۆمانی وێنەیی کەم بوون، ئەمە بیرۆکەکەی من بوو، بیرم لە گۆشە و گرتە و هەموو دیمەنەکان دەکردەوە، بەم جۆرە زۆر بە ئاسانی توانیم بچمە جیهانی سینەماوە، چونکە درێژکراوەی کارە بنەڕەتییەکەی خۆم بوو".

کامیرۆنی 69 ساڵ، ئێستا لە قۆناغی پاش بەرهەمهێنانە بۆ سێیەم بەشی فیلمی ئاڤاتار، هاوکات تاوەکو نیوەی بەشی چوارەمی تەواوکردووە، تۆمارکردنی نیوەی دووەمی ماوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، زنجیرەی ئاڤاتار، بەردەوامیی دەبێت، خاوەنی چەندین بیرۆکەی جێگیرە، بۆ بەشەکانی داهاتوو، کە ئێستا، بەگوێرەی رێککەوتن، کۆمپانیای دیزنی، لە پلانیدایە، سێ بەشی داهاتووی فیلمی ئاڤاتار، تاوەکو ساڵی 2031، بڵاوبکاتەوە.

ئەم دەرهێنەرە، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، توانیویەتی دەرهێنان بۆ 26 فیلم بکات و سیناریۆی بۆ 63 دانە نووسیوە، هاوتای بەرهەمهێنانی 49 فیلم و بەشدارییەکی گەورەی هەیە لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئەمریکا.