بانکسی کارێکی نوێی ئاشکراکرد

لە باکوری شاری لەندەن، کارێکی هونەریی نوێی سەر دیواری هونەرمەند بانکسی دەرکەوتووە و بینەران بۆ بینینی، بە لێشاو روو لە ناوچەکە دەکەن.

هونەرمەندی پەنهان و نادیاری وڵاتی بەریتانیا، بانسکی، بەشێوەیەکی فەرمی، نوێترین هونەری سەر دیواری خۆی لە باکوری شاری لەندەن ئاشکراکرد و بینەران بەمەبەستی بینینی لە نزیکەوە روو لە ناوچەکە دەکەن.

کارە نوێیەکەی بانکسی، زەخرەفەیەکی هێڵیی رەنگ سەوزی زەقە، لە پشت درەختێکی شێوەی نامۆ و سەرنجراکێش دروستکراوە و گوزارشت لە ژینگە دەکات.

بە گوتەی جەیمس پیک، رێکخەری چیرۆکی زنجیرەیی بانکسی لە رادیۆی بی بی سی، "هۆکاری هەڵبژاردنی رەنگە سەوزە زەقەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نیشانە و تابلۆی سەر شەقامەکانی ناوچەکە بە رەنگی سەوز دروستکراون"، ئاماژەی بەوەش داوە، "رەنگی سەوز گوزارشتێکی ناراستەقینە و هەڵبەستراوە بۆ مانەوەی سروشتیی ئەو درەختەی لەبەردەم هونەرەکەدایە و بەشێوەیەکی توند هەڵپاچراوە".

ئەم کارە نوێیەی بانکسی، رەخنەیەکی زەق و روونە بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە و هەوڵی مرۆڤەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی، لەکاتێکدا وەرزی بەهارە و پێویست دەکات درەختەکان هەموو سەوز بن، بەڵام لە باکوری لەندەن، ئەم درەختە سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، کە بەشێوەیەکی توند و ناپێویست گەڵا و لقەکانی لێکراونەتەوە.

دەرکەوتنی ئەم هونەرە نوێیەی بانکسی لەکاتێکدایە، دۆسیەیەکی یاسایی لە دژی کۆمپانیاکەی کراوەتەوە، کە نەیتوانیوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک، رەسەنایەتی و خاوەندارێتیی یەکێک لە هونەرەکانی بانکسی بسەلمێنێت بە ناوی "شاژنی مەیموون"، لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی ئەم دۆسیەیەدا، جیهان لە کۆتاییدا دەکەوێتە بەردەم ئاشکرابوونی تەواوەتی ناسنامەی بانکسی.

بانکسی لە ئاستی جیهانییدا ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە بە دروستکردنی تابلۆ و کاری هونەریی هەڵواسراو و سەر دیوار، لە ناوەڕۆکیاندا خاوەنی پەیامێکی رەخنەگرانە و سیاسیین و بە رووداو و پێشهاتە جیهانییەکان کاریگەر دەبن، تابلۆ و کارە هونەرییەکانی بانکسی لە ئاستی جیهانییدا نرخ و بەهایان هەزاران دۆلارە و ژمارەیەکیان بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێن.