سیانزە ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانى 17ی شوبات تێدەپەڕێت

خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگاى لقى ٤ى پارتى لەسلێمانى. فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

سیانزە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی رۆژی 17ی شوبات لە سلێمانی و 63 رۆژ لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو، بەهۆیەوە 10 کەس کوژران و سەدانی دیکە برینداربوون، بەڵام هۆکار و زەمینەسازییەکانی ئەو خۆپیشاندانانە کەمتر ئاماژەیان پێدەکرێت.

لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دەوترایەوە دژی "گەندەڵیی، نا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەرفەتی کار"، سێ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکە (کە پێکهاتبوون لە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی) بەرەیەکیان پێکهێنا بۆ دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمان، کۆمەڵێک رێوشوێنی چاکسازییان جێکردەوە، بەڵام ئەو یاسایە تائێستا لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاونەکرایەوە.

دروست، 20 رۆژ بەرلەوەی خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەن، بزووتنەوەی گۆڕان، بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا، کە خاوەنی 25 کورسیی و گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بوون لەناو پەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەیەکی حەوت خاڵییان بڵاوکردەوە و گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیان هەژاند.

بەیاننامەکە لەکاتی دەستپێکردنی بەهاری عەرەبیدا بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو: "رۆژی کەوتنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان دەستیپێکردووە، پایتەختە گەورەکانی دونیا پێشوازیی لەو گۆڕانە دیموکراتییە دەکەن و پشتیانکردووەتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان، ئێمە لە کوردستان... پێشوازی لەو شەپۆلی گۆڕانە دەکەین و سات لەدوای سات پێشوازیی لە پێشهاتەکانی دەکەین".

لە خاڵی سێیەم و چوارەمی بەیاننامەکەدا، ئۆپۆزسیۆن داوایکردبوو حکومەت و پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێتەوە و ئامادەسازیی بکرێت بۆ هەڵبژاردنێکی "نەزیهی بێ تەزویر" و حکومەتی کاتیی تەکنۆکراتی پێکبهێندرێت.

بەیاننامەکە لەم حەوت خاڵە پێکهاتبوو:

1-مەنعکردنی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی حیزبی لە کاروباری حکومەت و دائیرەکانی پەرلەمان، دادگا، ئاسایش و پێشمەرگە.

2-مەنعی دامەزراوەکانی زانیاریی، ئاسایش و پێشمەرگە لە هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە کاری سیاسی خەڵک و چالاکییە جەماوەرییەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرەکانی ئەم دەزگایانە بە کەسانی بێلایەنی پیشەیی.

3-هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە حیزبییەکەی ئێستای یەکێتیی و پارتی و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتیقالیی تەکنۆکراتیی بێلایەن.

4-هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانەی ئێستا.

5-ئامادەکردنی زەمینەی هەڵبژاردنێکی نەزیهی بێ تەزویر بۆ پەرلەمانی کوردستان کە لە سێ مانگ تێنەپەڕێت.

6-گێڕانەوەی موڵک و ماڵی خەڵک و حکومەت لەلایەن حیزبەکان و کاربەدەستەکانەوە.

7-کێشانەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێم و هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە سیستمی حوکمڕانی وڵاتەوە و حەواڵەکردنیان بۆ پەرلەمانی داهاتوو.

کاتێک خۆپیشاندانەکان لە 17ی شوبات لە بەردەرکی سەرای سلێمانی دەستیانپێکرد و لەکۆنترۆڵدەرچوو، بەردبارانی بینای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان کرا لە شەقامی سالم، تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی دژی خۆپیشاندانەکە بڵاوکردەوە و لە دژی وەستایەوە.

بەڵام بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکە لەگەڵ هێزەکانی دیکە لە رۆژانی دواتردا دەستیانکرد بە پشتیوانیی رەوتی خۆپیشاندانەکە، پرۆژەیەکی هاوبەشی 22 خاڵییان بۆ چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بووە هەوێنی بڕیارێکی پەرلەمان لە 17ی ئازاری 2011.

بەشێک لە خاڵەکانی بڕیارەکەی پەرلەمان 2011

هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حیزب

لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ حیزبه‌كان و لێپرسراوانی‌ حیزبی‌ و حكومی

گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستووری هەرێمی کوردستان

هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندی‌ نیشتیمانیان هه‌یه بگەڕێنرێنەوە بۆ پەرلەمان

جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت