قاسم ئەعرەجی: ماددەی هۆشبەر لە داعش مەترسیدار ترە

قاسم ئەعرەجی فۆتۆ: میدیای عێراق

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "ماددەی هۆشبەر لە داعش زێدەتر هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، داواشدەکات "وڵاتانی دراوسێ دەستوەرنەدەنە کاروباری وڵاتەکەی".

قاسم ئەعرەجى لە شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دیالۆگ لە بەغداد ئەم قسانەی کردووە.

بەگوتەی ئەعرەجی، بوونى متمانە بە تواناکانیان گرنگە و ئێستا ئەو متمانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێش دروستبووە.

قاسم ئەعرەجى رایگەیاند "داوا لە وڵاتانى دراوسێ دەکەین دەست لەکاروبارى ناوخۆیی عێراق وەرنەدەن".

قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانى عێراق گوتی: "کۆتایی ساڵى رابردوو 20 یاداشت و رێککەوتنى ئەمنیمان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێی عێراق واژۆ کردووە".

قاسم ئەعرەجى ئەوەی ئاشکرا کردووە "ماددە هۆشبەرەکان لەپلەى یەکەمى هەڕەشەکاندان بۆ سەر ئاسایشى عێراق و داعش لە پلەى دووەمدایە".

ئەم کۆنفرانسە مەبەست لێی بنیاتنانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنێکی باشی نێوان وڵاتانە.

یەکێکە لە چالاکیی ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوە مەدەنییەکانی پەیوەست بە دیالۆگ کە کاری حکومەتەکان بەرەوپێشدەبات بۆ پەرەپێدانی بەهاکانی پێکەوەژیان.