جواکینۆ رۆسینی.. گەورە دانەری ئۆپێرا و گەنجینەی زێڕینی موزیک

بە ئامێری بەرهەمهێنانی ئۆپێرا ناوبانگی هەیە، یەکێکە لە دیارترین موزیکدانەرەکانی وڵاتی ئیتاڵیا، لە هەناوی موزیکدا سەرمایە و زەنگینیی دۆزیوەتەوە، جواکینۆ رۆسینی، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 29ی شوباتی 1792، لەدایکبووە.

جواکینۆ رۆسینی، کوڕی جوسێپ رۆسینی، لە خێزانێکی هونەرییدا لەدایکبووە، باوکی ژەنیاری ترامپێت بووە و دایکیشی گۆرانیبێژ، تێکڕای ژیانی منداڵیی لە چوارچێوەی سەکۆی نمایش بەسەربردووە، لە ئاستی خوێندندا لاواز بووە، بەڵام خولیایەکی گەورەی بۆ گۆرانی و ژەنین هەبووە، لە تەمەنی 14 ساڵییدا، دەبێت بە ئەندامی قوتابخانەی فیلهارمۆنیکی بۆلۆنیا، پاش تێپەڕینی یەک ساڵ لە خوێندنی موزیک، شارەزاییەکی گەورە لە ژەنینی ئامێرەکانی، چەلۆ، بوق و هاپسیکۆرد پەیدادەکات، هاوتای ژەنین، بەمەبەستی پەیداکردنی پارە، گۆرانی دەڵێت و پێی دەناسرێتەوە، بەڵام لەگەڵ تێکچوونی دەنگیدا، بەتەواوەتیی دەستبەرداری گۆرانی دەبێت و خۆی بۆ موزیک تەرخان دەکات.

رۆسینی، کارە موزیکییەکانی بە ئۆپێرای کۆمیدی دەستپێدەکەن، ساڵی 1810، لە تەمەنی 18 ساڵییدا، یەکەم ئۆپێرای خۆی دادەنێت و لە شاری ڤینیسیا، ناوبانگ پەیدادەکات، ساڵی 1811، دوو ئۆپێرای نوێ دادەڕێژێتەوە و لە ئاستی ئۆپێرای کۆمیدییدا بەناوبانگ دەبێت، بە شکاندنی نەریتی ئەم ئۆپێرایە، موزیکی تایبەت بە خۆی دادەنێت.

شاری ڤینیسیا، شاری بەدیهێنانی خەونەکان دەبێت بۆ رۆسینی، یەکەم ئۆپێرای راستەقینەی خۆی لە تەمەنی 20 ساڵییدا داناوە بەناونیشانی "Tancredi"، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، ناوبانگێکی گەورە پەیدادەکات، دەبێت بە موزیکدانەرێکی گەورە و دەوڵەمەند دەبێت.

ساڵی 1823، لە ترۆپکی ناوبانگدا، بانگهێشتی فەرەنسا دەکرێت و گەشتە موزیکییەکەی لە پاریس دەستپێدەکات، تێکڕای ناوەندە ئەکادیمییەکان پێشوازیی لێدەکەن و شار و شارۆچکەکان پڕدەبن لە ناوبانگی رۆسینی، لەندەن بە ناوبانگی رۆسینی دەخرۆشێت و لە سایەی فەرمانڕەوایەتیی پادشا جۆرجی چوارەم، گۆرانی و موزیکەکانی پێشکەشی بەریتانییەکان دەکات.

لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە موزیکدانەرەکان نەیانتوانیوە لەڕێگەی دانانی موزیکی ناوازەوە سەرمایەیەکی گەورە بۆخۆیان کۆبکەنەوە، بەڵام رۆسینی، زەنگینییەکەی لە هەناوی موزیکدا دەۆدزێتەوە و دەبێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین موزیکدانەرەکانی مێژوو.

بەهۆی رێکەوتی لەدایکبوونییەوە، کە دەکاتە 29ی شوبات، چوار ساڵ جارێک توانیویەتی یادی لەدایکبوونی بکاتەوە، رۆسینی کە 76 ساڵ ژیاوە، تەنها 19 جار یادی لەدایکبوونی کردووەتەوە.

لە ئاستی ناوبانگی ئۆپێرا و پێشکەشکردنیاندا، رۆسینی لە پلەی چوارەمدایە، هەر لە ڤێردی، مۆزارت و پوچینی، پێش ئەم موزیکدانەرەن، بەشێکی زۆر لە شارەزایانی موزیک، بە ئامێری دروستکردنی ئۆپێرا ناوی دەبەن، تەنها لەماوەی 10 ساڵدا، نێوان 1812 بۆ 1822، توانیویەتی 30 ئۆپێرا بنووسێت.

لە تەمەنی 37 ساڵییدا، نیمچە خانەنشین دەبێت، دەست لە دانانی ئۆپێرا هەڵدەگرێت و خۆی بۆ موزیکی کورت تەرخان دەکات، لە سایەی شارەزایی و لێهاتووییەکەیدا، چەندین قوتابیی گەورە پەروەردە دەکات، کە دیارترینیان ڤێردییە.

لەتێکڕای ژیانی هونەریی خۆیدا، رۆسینی توانیویەتی دەیان موزیک بۆ کڵێسا و پیانۆ دابنێت، بەڵام گەورەترین کارەکانی ئۆپێرا بوون، 39 ئۆپێرای داناوە، لە دیارترین کارە هونەرییەکانی بریتین لە:

The Barber of Seville
William Tell
Stabat Mater
La Caneretola
Semiramide

رێکەوتی 13ی تشرینی دووەمی 1868، لە تەمەنی 76 ساڵییدا، کۆچیدوایی دەکات و لە گۆڕستانێکی شاری پاریس دەنێژرێت، بەڵام بە داوای هاوسەرەکەی، روفاتەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئیتاڵیا و ئێستا گۆڕی یەکەمی رۆسینی لە فەرنسا، تەنها وەکو مۆنیۆمێنتێکی هونەریی لێی دەڕووانرێت.