بافڵ جەلال تاڵەبانى و محەمەد حەلبووسى لە بەغداد کۆبوونەوە

کۆبوونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانى و محەمەد حەلبوسى لە بەغداد. فۆتۆ: نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لەشارى بەغداد لەگەڵ محەمەد حەلبووسى، سەرۆکى حیزبى تەقەدووم، کۆبووەوە.

نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "‏‎لەدیدارێكدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێكران و جەخت لە بەردەوامیی لێكتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنەسیاسییەكان كرایەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی رێکارە دەستووریی و یاساییەکان و ئەنجامی هەڵبژاردن و رێککەوتنە سیاسییەکان" .

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لەدرێژەی دیدارەكەدا پابەندبوون بە دەستوور و رێككەوتنە سیاسییەكان دووپاتكرایەوە لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی لەبارەی ئیدارەدانی كەركووك و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، بەشێوەیەك هەموو هەوڵەكان لەچوارچێوەی خزمەتكردنی كەركووك و ‏‎دانیشتووانەكەیدا بێت بەبێ جیاوازی".

راگەیەندراوکە روونیدەکاتەوە "سەرۆکى یەکێتى لەکۆبوونەوەکەدا جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەنگاوی بەرپرسیارانە كرد بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان و داوایكرد، هەموولایەك لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەش و باڵاكاندا نەرمی بنوێنن و هەموو هەوڵەكان بەئاڕاستەی خزمەتكردنی خەڵك و ژیانێكی سەقامگیرتر بێت".

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانى یەکەمین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک و هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرى ئەنجوومەنەکە و دیارییکردنى پارێزگار بۆ ئەو شارە و لەو میانەدا محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پێکهاتەکانى ئەو شارە کۆبووەوە.

رۆژى 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، جگە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا، لایەنە کوردییەکان حەوت کورسى، عەرەب شەش کورسى و تورکمان دوو کورسى بەدەستهێنا.