مووچەی مانگی شوباتی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

کارمەندێکی بانک فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کەناڵ8ی راگەیاند "سبەینێ پێنجشەممە 7ی ئازار، مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت".

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی روونکردووەتەوە "ئەو مووچەیەی دابەشدەکرێت، مووچەی مانگی شوباتە".

مانگانە ئەمریکا بڕى 15ملیۆن دۆلار دەداتە وەزارەتى پێشمەرگە بۆ ئەو لیوا هاوبەشانەى کە خراونەتە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتی هەرێمى کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا فەرمانبەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەی مانگی شوبات دەکەن.

سەرچاوەیەکى وەزارەتى دارایی بە کەناڵ8ى راگەیاند، دوایین وەزارەت کە لیستى مووچەى ئامادەکردووە وەزارەتى ناوخۆ بووە و ئێستا لیستى مووچەى سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کودرستان ئامادەیە.

گوتیشى، ئەوەى ماوە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەنووسراوى فەرمى لیستەکە ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی عێراق بکات.

سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی باسى لەوەشکرد، وەزارەتى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان جیاواز لەوەزارەتە شارستانییەکان لیستى مووچەیان ئامادەکردووە، تەنیا میلاک و بڕی مووچەکەیان لە لیستەکە ئاماژەپێکردووە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراق بە کەناڵ8ی رایگەیاند، ئەمڕۆ لیستی مووچەی هەرێمى کوردستانیان پێدەگات و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەستدەکرێت بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.