پێنج کتێبی زێڕین.. دەیسەلمێنن ژن توانای گۆڕینی تێڕووانینی جیهانی هەیە

لە ئاستی جیهانییدا، زۆرن ئەو ژنانەی، کە توانیویانە بە بواری جیاواز، کاریگەریی لەسەر جیهان دروستبکەن و رێچکەی بەشێک لە رەوت و بوارەکان بگۆڕن، لە ئاستی ئەدەبیاتدا، خانمان رۆڵی کاریگەریان هەیە، بەدیاریکراوییش لە قۆناغە هاوچەرخەکان و پاش بەرەوپێشچوونی پیشەسازیی، ژنان دەبن بە قەڵەمێکی زێڕین لە گێڕانەوەی رووداو و بەسەرهاتەکانی جیهان لە دیدگەی تایبەتیی خۆیانەوە، بەشێک لە خانمە نووسەرەکانی ئەم چەند سەدەیە، توانیویانە بە گوزارشتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، سەرنجێکی گەورە لەخۆیان کۆبکەنەوە و بیسەلمێنن کە ژنان، توانای ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و دروستکردنی کاریگەریی گەورەیان هەیە لە ئاستی جیهانییدا، لێرەدا، جەخت لە پێنج دیارترین بەرهەمی ئەو خانمە نووسەرانە دەکەینەوە، کە توانیویانە لەڕێگەی هزر و گۆشەنیگای ژنانەوە، هەڵوێستی گەورە دروستبکەن و ببنە هۆکاری گۆڕانی بیرکردنەوە و تێڕووانینی جیهان بەرامبەر بە توانای ژنان.

The Age of Innocence – تەمەنی بێتاوانی
نووسینی: Edith Wharton

کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمە، قۆناغی بەروەپێشچوونی پیشەسازیی، لە ترۆپکی خۆیدایەتی و دانیشتوانی شارە بازرگانییەکانی ئەمریکا، گەشەسەندنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، ژنان، پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەم کۆمەڵگەیەن و رۆژانە کاریگەریی دروستدەکەن، لە ئاستی چینی زەنگین و ئەریستۆقراتییدا، خانمێک بەناوی "May Welland"، دەکەوێتە ناو بازنەی هاوسەرگیرییەکی دوور لە خۆشەویستییەوە، هاوسەرەکەی هەوڵ بۆ ژیانێکی نوێ دەدات لەگەڵ خانمە کۆنتێکی خانەدان، ویڵاند، لە چوارچێوەی نەریت، هەڵسوکەوت و بەها کۆمەڵایەتییە زەنگینەکاندا خۆی دەبینێتەوە و وەکو خانمێک، دەبێت بەرەنگاری ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتیی و ئەوینییەکانی ببێتەوە.

رۆمانی "The Age of Innocence – تەمەنی بێتاوانی"، ساڵی 1920، بە قەڵەمی خانمە نووسەری ئەمریکی، ئێدیس وارتۆن، نووسراوە، ئەم رۆمانە، هەشتەمین رۆمانیەتی و لە چوار بەشی سەرەکیی پێکهاتووە، بە چوار جار و بەشێوەیەکی زنجیرەیی، وارتۆن بڵاویکردووەتەوە، یەکێکە لە دیارترین و باشترین رۆمانەکانی سەدەی بیستەم و بەم کتێبە، وارتۆن بووە بە براوەی خەڵاتی ئەدەبی پولیتزەر بۆ باشترین کتێبی خەیاڵی و وەکو یەکەم خانمە براوەی ئەم خەڵاتە، ناوی لە مێژوودا تۆمارکردووە.


?Who Do You Think You Are – پێتوایە کێیت؟
نووسینی: Alice Munro

خانمە نووسەری دیاری کەنەدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات، ئالیس مونرۆ، ساڵی 1977، یەکێک لە دیارترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆی، بەناونیشانی "?What Do You Think You Are – پێتوایە چیت؟" بڵاودەکاتەوە، لەناوەڕۆکی ئەم کتێبەدا، ژمارەیەک لە کورتەچیرۆکی خۆی کۆدەکاتەوە و دەیخاتە بەر دیدی خوێنەران، ئەم کتێبە، لە چوارچێوەی کاریگەرییەکانی کەلەپووری کۆڵۆنیاڵییدا رووداوەکانی دەخاتە روو، لە ئاستی کولتوور و ئەدەبیاتدا، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بەدیاریکراوییش، لە قۆناغی ساڵانی پەنجا، شەست و حەفتای سەدەی رابردوودا، لە بەرامبەر هەژموونی کەلەپووری کۆڵۆنیاڵیزمدا، کولتووری بەرەنگاری زەقدەکاتەوە.

لە دیارترین ئەو چیرۆکانەی لەم کتێبەدا هەن، بریتین لە: The Begger Maid – خزمەتکارە سواڵکەرەکە، Mischief – لەدەستدان، کە کارەکتەری سەرەکی، رەوز، لە چەقی گێڕانەوەدایە و رەگەزی سەرەکییە، ئەم کتێبە، لە 10 چیرۆکی هاوپەیوەست پێکهاتووە و رەوز، وەکو خانمێکی سەرەکی، پرۆتاگۆنیستە و لە خستنەرووی کاریگەرییەکانی کەلەپووری کۆڵۆنیاڵییدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

ئالیس مونرۆ، بەم کتێبە، توانی بۆ دووەم جاری خۆی، لە ساڵی 1978، خەڵاتی ئینگلیزی "Governor General’s Prize" بباتەوە و ببێت بە یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی سەدەی نۆزدەیەم کە لەسەر دەستی خانمان نووسراونەتەوە.


Breath, Eyes, Memory – هەناسە، چاوەکان، یادەوەریی
نووسەر: Edwidge Danticat

سۆفی، کچە بچکۆلەیەکی بەرەچەڵەک هایتییە و لە ئەمریکا دەژی، پاش تێپەڕینی ساڵانێک بەسەر پەروەردەبوون بە کولتووری ئەمریکی و بێبەشبوون لە ناز و خۆشەویستیی دایکی، لەو ساتە نزیکدەبێتەوە، کە بە دیداری دایک و سۆزی دایەنیی شادببێتەوە، چیرۆکی ئەم کتێبە، بەدوای کۆششی سۆفیدا دەچێت، هەوڵی خانمێکی رەشپێستی هایتیی دەگێڕێتەوە، کە لەچوارچێوەی سیستمی کۆمەڵایەتیی ئەمریکا، رەنج بۆ مانەوە و خۆڕاگریی دەدات و دوو جار، وەکو خانم و رەشپێستێک، ژیانی پڕ دەبێت لە ئاڵنگاریی، لە چوارچێوەی هەموو ئەم بەربەستانەشدا، گەیشتن بە دیداری دایکی، گەورەترین خەونیەتی.

کتێبی "هەناسە، چاو، یادەوەریی"، بە قەڵەمی خانمە نووسەری هایتی، ئێدویج دانتیکات، ساڵی 1994 نووسراوە، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی ئەمریکا و هەڵبژێردراوی خانمە پێشکەشکاری دیاری ئەمریکا، ئۆپرا وینفرییە و بەشێکە لە کتێبە سەرەکییەکانی یانە ئەدەبییەکەی، لە هەناوی: رەگەزپەرستی، زمان و ناسنامەی رەگەزییدا، باشترین کارەکانی خۆی پێشکەشکردووە و رۆڵی ژن نیشاندەدات لە وێناکردنەوە و گۆڕانکارییدا.

Maryam: Keeper of Stories – مەریەم: پارێزەری چیرۆکەکان
نووسەر: عەلەوییە سوبح

کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمە، شەڕی ناوخۆی لوبنان هەڵگیرساوە و کۆی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پێی کاریگەر بوون، لە هەناو و ناوەندی ئەم شەڕ و ململانێیەدا، ژنان، لە دیارترین ئەو چینەن، کە پێی کاریگەرن و ئەزموونێکی توند، لەگەڵ شەڕێکی سیاسیی گەرمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، مەریەم یەکێکە لە خانمە لوبنانییەکان و کارەکتەری ناوەندیی ئەم گێڕانەوەیەیە، لە چوارچێوەی شەڕی مانەوە و خۆپارێزییدا، ئەزموونی خۆی و ژنانی وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە، ژنانی ئەم کتێبە، پێکڕا، بەبێ جیاوازی تەمەن و چینی کۆمەڵایەتی و ئابوری، کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە جەنگ دەردەبڕن، هەوڵی سەرەکیی بۆ پاراستنی خۆشەویستیی و شیرینیی ژیان دەدەن و دەستی باڵایان هەیە لە بەستنەوەی پەیوەندییە پچڕاوەکانی وڵاتەکەیان، ژنانی ئەم کتێبە، رزگارکەر پارێزەر و پاڵەوانی جەنگن.

کتێبی مەریەم: پارێزەری چیرۆکەکان، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی وڵاتی لوبنان و جیهانی عەرەبی بۆ کتێبی خانمان، لەسەر دەستی خانمە نووسەر، عەلەوییە سوبح نووسراوە و لە ئاستی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی جەنگ و ململانێ ناوخۆییە سیاسییەکان، پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێت.


I Am Malala – من مەلالەم
نووسەر: Malala Yousafzai

مەلالە، کچێکی خوێندەوار و چالاکوانێکی دیاری وڵاتی پاکستانە، لەڕێگەی کتێبی: I Am Malala – من مەلالەم، توانی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر رەوتی فێمەنیستیی جیهان دروستبکات و دەنگی ژنانی وڵاتەکەی لە ئاستی جیهاندا بەرزبکاتەوە، کتێبەکەی مەلالە، لە چوارچێوەی گێڕانەوەی ژیانی راستەقینەی خۆی و رووداوەکانی نووسراوەتەوە، لە سەرەتای کتێبەکەدا، ئەو هێرشە دەگێڕێتەوە کە کراوەتە سەری، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵیی خۆی، مەلالە، چیرۆکی ئەو باوکە دەگێڕێتەوە، کە لە هەناوی کۆمەڵگەیەکی نێرسالارانەدا، خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ کچەکەی هەیە و هەموو هەوڵێکی بۆ پەروەردەکردنێکی زۆر باشی کچەکەیەتی، کاتێک بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، درک بەوە دەکات، جووڵە و هەوڵەکانی مەلالە بۆ پاراستنی مافی ژنان و کچان مەترسییە لەسەر سیاسەت و شێوازی بیرکردنەوەیان، هەوڵی تیرۆرکردنی دەدەن و فیشەکێک دەنێن بە سەریەوە، بەڵام پەرجووئاسا، مەلالە رزگاریدەبێت و دەژی تاوەکو چیرۆکی رزگاربوون و بەهێزیی و خۆڕاگریی خۆی بگێڕێتەوە، سەرەتا وەکو ژنێک پاشان وەکو رزگاربوویەکی دەستی تیرۆر.