دادە سەڵتەنە بوو بە باشترین بەڵگەفیلمی ئاسیا لە فێستیڤاڵێکی ئیتاڵیا

بەڵگەفیلمی دادە سەڵتەنە، کە ساڵی 2017 بەرهەمهێنراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و بیانییە، لە نوێترین نمایشیدا لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆم لە ئیتاڵیا بووەتە خاوەنی باشترین بەڵگەفیلمی ئاسیایی.

هادی ئەحمەدی دەرهێنەری بەڵگەفیلمی دادە سەڵتەنە، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی هادی ئەحمەدی خۆیەتی، ماوەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دوو ساڵی خایاندووە.

چیرۆکی فیلمەکە باسی خولیای ژنێکی بەتەمەن دەکات بۆ بوون بە ئەکتەری سینەما کە ئاواتی منداڵیشی بووە، پاش ئەوەی کوڕەکانی گەورەبوون، کامێرایەکیان کڕیوە و دەستیان کردوە بە وێنەگرتنی دایکیان، تا ببێتە پاڵەوانی ئەو فیلمانەی کە خۆیان درووستی دەکەن، لەجیاتی ئەو فیلمانەی نەیتوانیوە رۆڵیان تێدا ببینێت.

ئەم کورتە فیلمە دوای بەرهەمهێنانی بەشداری چەندین فێستیڤاڵی ناوەوەی ئێران و دەرەوەی کردووە چەندین خەڵاتی بردووەتەوە، پاش شەش ساڵ لە بەشی بەڵگەفیلمەکانی ئاسیا لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆم لە ئیتاڵیا، توانیوی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کورت بباتەوە.