جولەمێرگ.. گەنجێک لە زگماکییەوە هەردوو دەستی نییە و وانەی وێنەکێشان دەڵێتەوە

محەمەد ئالکان، مامۆستای هونەری وێنەکێشانە لە جولەمێرگی باکووری کوردستان، وێرای ئەوەی لە زگماکییەوە هەردوو دەستی نیە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم بەدیهێنانی خەونەکەی بۆ وتنەوەی وانەی هونەری وێنەکێشان، تەنانەت بووەتە ئیلهامبەخش بۆ قوتابییەکانی.

ئالکانی تەمەن 27 ساڵ کە بەبێ دەست لە قەرس لەدایکبووە، لە تەمەنێکی منداڵییەوە حەزی لە وێنەکێشان بووە، لەسەرەتادا خۆی لە ماڵەوە و قوتابخانە وێنەی کێشاوە، دواتر بە هاوکاری مامۆستایەکی وێنەکێشانیی لە پۆلی شەشدا تواناکانی باشتر کردوە.

وێڕای ئەوەی لە ژیانیدا وەک خاوەنپێداویستی تایبەت تووشی ئاستەنگییەکی زۆر بووە، بەڵام هەرگیز وازی لە وێنەکێشان نەهێناوە، قوتابخانەی قەرس گۆلمت ئایتیمزی بۆ هونەرەجوانەکان تەواوکردوە، دواتر چووەتە بەشی هونەرە جوانەکان لە کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی دوکوز ئەیلول لە ساڵی 2015دا.

ئالکان کە چەندین تابلۆی کێشاوە و ژمارەیەکی زۆر پێشانگەی کردووەتەوە، خەونی بۆ وانەوتنەوە بەدیهێناوە، دوای ئەوەی لە قوتابخانەی یۆکسیکۆفا کۆرۆکۆیی ناوەندیی وەک مامۆستای هونەر دامەزراوە.

ئالکان کە بووە بە نمونەیەک بۆ هەوڵدان لە ژیاندا، لە رێگەی کارەکانییەوە هەوڵدەدات ئارەزووی وێنەکێشان لە ناخی قوتابییەکانیدا زیاتر بکات.

لەبارەی ژیانیەوە، ئالکان باسی لەوەکردوە، لە منداڵییەوە هەموو شتێکی خۆی کردوویەتی، بەم جۆرەش متمانە بەخۆبوونی زیاتر بووە، هەر لە کاتی قوتابخانەشدا بەهرەی وێنەکێشانی دەرکەوتووە، و دەڵێت، "لە پۆلی شەشەوە هەوڵمدا تواناکانم باشتر بکەم، لەو ماوەیەدا خۆم ئامادەکرد بۆ بەشی هونەرە جوانەکان، لە قەرس یەکەم پێشانگەشم کردەوە".

هەروەها لە ماوەی خوێندنی دواناوەندی و زانکۆشدا چەند پێشانگەیەکی تری کردووەتەوە، هەر لەپۆلی شەشەوە ئامانجی بوون بە مامۆستای هونەر بووە، و دەڵێت، "ئێستا لە ئامانج و خەونەکەمدا دەژیم، هەمووان دەتوانن ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنن کە دەیانەوێت، هیچ شتێک نیە خەڵک نەتوانن بیکەن ئەگەر بیانەوێت، وەک چۆن من پێی گەیشتوم، ئێستاش هەوڵدەدەم ئامانجی نوێ دیاری بکەم و پێی بگەم".