لەمەودوا بۆ ریکلام تیکتۆکەر و یوتیوبەرەکان دەبێت باج بدەن

بەکارهێنەرێکی تیکتۆک فۆتۆ: گووگڵ
بەکارهێنەرێکی تیکتۆک فۆتۆ: گووگڵ

دەستەی گشتیی باج لە عێراق، ئاشکرایکرد، بڕیارێکی حکومەت هەیە بۆ دانانی باج لەسەر 85 ناونیشان و شوێنی کار کە پێشتر باجیان نەدەدا، وەکو کۆمپانیاکانی تەکسی، ریکلامکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئوتێل و چێشتخانەکان.

عەلی وەعد عەلاوی، سەرۆکی دەستەی گشتیی باج، بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی راگەیاندووە، دەستەکەمان باجی داناوە لەسەر هەندێک کۆمپانیا کە پێشتر ملکەچ نەبوون بۆ پێدانی باج، بۆ نموونە، ئەو کۆمپانیایانەی ئەپڵیکەیشنی بەکرێدانی تەکسییان هەیە، کۆمپانیاکانی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل، بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانمان وەرگرتووە بۆئەوەی بە رێژەی 15٪ باجیان بۆ ببڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارمان لەسەر ئەوە کردووە باج بە رێژەی 30٪ لەسەر ریکلامکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی لە فەیسبوک، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان دابنرێت.

عەلی وەعد عەلاوی، گوتی: "بڕیارێکمان هەیە کە باج بخەینە سەر ریکلامەکانی ئەو کەسانەی ناودارن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ریکلام دەکەن، وەکو تیکتۆکەرەکان و یوتیوبەرەکان کە شوێنکەوتە و جەماوەری زۆری خۆیان هەیە، بۆ ئەو بەمەستە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و کارلەسەر دۆزینەوەی رێکاری پێویست دەکەین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە".

سەرۆکی دەستەی گشتیی باج، جەختی لەوەکردەوە، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی پێدانی باج دروستدەکرێت و ئەو جۆرە کۆمپانیا، چێشتخانە، ئوتێل و ریکلامکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ دەگرێت کە لەئێستادا ژمارەیان دەگاتە 85 ناونیشان و شوێن، کە بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، مانگانە داهاتی باج لەو ناونیشانانە دەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار.