پێشبینیدەکرێت نرخی زێڕ بۆ هەر ئۆنسەیەک بگاتە 2,500 دۆلار

پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ درێژەیان هەیە و بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2500 دۆلار.

رۆژی هەینی نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و یەک ئۆنسە بە دوو هەزار و195 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

جەی پی مۆرگان بۆچوونی وایە بۆ ئەوەی نرخی زێڕ بگاتە ئاستی دووهەزار و 500 دۆلار، دەبێت هەڵاوسان لە ئەمریکا لە دابەزین بەردەوامبێت و بێکاریش زیادبکات، جگەلەوەی دەبێت بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دڵنیایی بدات لەوەی بەڕاستی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجییەتی هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەوەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە بەرژەوەندیی زێڕ دەشکێتەوە، چونکە بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود نرخی دۆلار دادەبەزێت، بەوەش خواست لەسەر زێڕ و کاڵاکانی دیکە زیاد دەبێت.

رێژەی هەڵاوسان بووەتە گەورەترین لەمپەر لەبەردەم بانکی ناوەندیی ئەمریکا، پێشتر پێشبینی دەکرا ئازاری ئەمساڵ بانکی ناوەندی دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵاوسان گەیشتە 3.4%، ئەوەش وایکرد پێشبینییەکان دوابخرێن.

_