ئیبن خەلدون.. باوکی کۆمەڵناسی و دامەزرێنەری فەلسەفەی مێژوو

یەکێکە لە مەزنترین مێژوونووسەکانی عەرەب، دامەزرێنەری رەوتێکی سەرەتایی و گرنگی فەلسەفەی مێژووە لە دەرەوەی بازنەی کاریگەرییە ئاینییەکان، نووسەری یەکێک لە شاکارە مێژووییەکانی عەرەبە بەناوی "مقدمة"، مێژوویەکی تەواوەتیی بۆ قۆناغی ئیسلامەتیی باکوری ئەفریقا نووسیوە، ئیبن خەلدون، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 17ی ئازاری 1406، لە تەمەنی 73 ساڵییدا، کۆچیدوایی کردووە.

692 ساڵ لەمەوبەر، رێکەوتی 27ی ئاداری 1332، ئەبو زەید وەلیئەلدین عەبدولرەحمان، ناسراو بە ئیبن خەلدون، لەدایکبووە، لە کتێبی "التعریف ابن خلدون"، ئاماژە بەوە دەدات؛ ریشەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە سەر کەسایەتیی دیاری باشوری عەرەبستان بەناوی خەلدون، کە لە ساڵانی سەرەتای هەڵمەتی موسڵمانان بۆ ئەوروپا، کۆچی بەرەو ئیسپانیا کردووە و رۆڵی گەورەی هەبووە لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە سەدەی نۆیەم، لە سایەی ئەمەوییەکاندا، خاوەنی پلە و پایەی باڵا و رۆڵی گرنگی سیاسیی بووە، پاشان لە چلەکانی سەدەی سیازدەیەم، روو لە باکوری کەناراوی مەغریب دەکات، پاشان لە سایەی ناوبانگە سیاسییەکەیدا، بانگهێشتی تونس دەکرێت و ساڵانێک کاروباری دەوڵەت بەڕێوەدەبات، دواتر بڕیاری خانەنشینیی دەدات و خۆی بۆ زانستی ئاینناسی، یاسا و نووسین تەرخاندەکات، کە ئیبن خەلدون نەوەی ئەم بنەماڵە دیارەیە.

ئیبن خەلدون وردەکارانە لە چوارچێوەی نووسراوەکانیدا ئاماژەی بە زۆرینەی ئەو کتێب و کەسایەتییە سەرەکییانە داوە کە لە ژیانیدا کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە، یەکەمین سەرچاوەی فێربوونی قورئان بووە، بنەماکانی تەفسیر و یاسای ئیسلامی فێردەبێت، بە ئەدەبی باڵای عەرەبی ئاشنا دەبێت و شارەزاییەکی گەورە لە زمانەوانیی عەرەبیی پەیدادەکات، ئەمە وادەکات شێوازێکی نووسینی رەوان پەیڕەو بکات و ناوازە و تایبەت بێت بە خۆی.

لە تەمەنی 20 ساڵییدا، پلەیەکی یاسایی پێدەبەخشرێت لە دادگای تونس، پاش سێ ساڵ دەبێت بە سکرتێری سوڵتانی مەغریب و دوو ساڵ لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە، پاشان گومانی هەڵگەڕانەوەی لێدەکرێت و دەستگیردەکرێت، پاش دوو ساڵ ئازاد دەکرێت و روو دەکاتە ئیسپانیا.

ساڵی 1375، لە تەمەنی 43 ساڵییدا، بڕیاری دوورکەوتنەوە لە هاوکێشە سیاسییەکان دەدات و روو لە گۆشەگیریی و خۆتەرخانکردن بۆ نووسینەوەی شاکاری خۆی دەکات، لەماوەی چوار ساڵدا، کتێبی مقدمة دەنووسێت، کە پێشەکییەکە بۆ مێژوو، ئیبن خەلدون، ئامانجی سەرەکیی نووسینەوەی مێژووی جیهانیی عەرەب و بەربەر بووە، بەڵام نووسینەوەی مێتۆدەکانی مێژوو پێشدەخات و بە ئامانجی جیاکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان لە راستیی، گەورەترین هەنگاو دەنێت، لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە رەخنەگرانەکەی، فەلسەفەی مێژووی لێ دروستدەبێت و لەلایەن زۆرێک لە زانا و شارەزا رۆژئاواییەکانی وەکو ئارنۆڵد تۆین بی، ستایش دەکرێت.

ئیبن خەلدون، بەردەوام بووە لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی لێکۆڵینەوە، لە ئاستی خوێندنی سروشتی کۆمەڵ و گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، زانستێکی نوێ بەناوی زانستی کولتوور دەدۆزێتەوە و لە هەناوی پرسە مرۆییەکاندا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان دەدات.

لەتێکڕای ژیانە پڕ لە زانست و رۆشنبیرییەکەیدا، ئیبن خەلدون زیاتر لە 10 کتێب و نووسراوی ناوازەی نووسیوە، لە دیارترین کتێبەکانی بریتین لە:

مقدمة (پێشەکی)

فەلسەفەی عەرەبی بۆ مێژوو

لباب المحصل في اصول الدین

تاریخ ابن خلدون

ئیبن خەلدون، لە سایەی کار و بەرهەمە گەورەکانیدا، ناوبانگی گەورە پەیدادەکات، کە زۆرترین کات بە باوکی کۆمەڵناسی و نووسینەوەی مێژوو دەناسرێت، دەستکەوتەکانی هۆکارێک بوون بۆ ناساندنی لە دەرەوەی جیهانی ئیسلامی و ناوەندە رۆژئاواییەکانیش ستایشێکی گەورەیان کردووە، کەسایەتییەکانی وەکو مۆنتیسکیۆ و ماکیەڤێلی پێی کاریگەر بوون، لە ئاستی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، داینامیکیەتی دەستەکان و هەستان و کەوتنی شارستانییەتەکاندا، ناوەندێکی گەورەی زانستیی خولقاندووە، کارەکانی لە ئاستی زانستدا هاوتای شۆڕشێکی گەورەن بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی نوێ بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکان، گرنگییەکی گەورەی بە پرسی هاوکێشەی جوگرافیا و شارستانییەت داوە، درکی بەو راستییە کردووە کە جوگرافیا و شوێن پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەرجەستەیان هەیە بە مێژوو و بە تێگەیشتن لە جوگرافیا دەتوانرێت لە قۆناغە جیاوازەکانی شارستانییەت تێبگەین.