/

لە 10 ساڵی رابردوودا چوار هەزار و 500 لافاو لە ئێران روویانداوە

دیمەنێکی لافاو لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.

ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە ئێران چوار هەزار و 500 لافاو روویانداوە.

ناوەندەکە راشیگەیاندووە، بەگوێرەی لێکدانەوەی ئامارەکانی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران نزیکەی 28%ی خاکی ئێران مەترسیی روودانی لافاویی بەهێزی لەسەرە.

ئەوەشی راگەیاندووە، نزیکەی 56 ملیۆن کەس لە ئێران لەو ناوچانەدا دەژین کە ئەگەری روودانی لافاو تیایاندا هەیە و نزیکەی 15 ملیۆن کەسیش لەو شوێنانە دەژین کە لافاوی بەهێز تیایاندا روودەدات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران یەکێکە لەو 10 وڵاتەی جیهان کە زۆرترین رووداوی سروشتیی بە تایبەت لافاو تیایدا روودەدات و بەگشتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە ئێران چوار هەزار و 500 لافاو تۆمارکراون.

بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لافاوێک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان روویدا کە 16 شارۆچکە و هەزار و 947 گوندی پارێزگاکەی گرتەوە و زیانێکی زۆری بە شوێنی نیشتەجێبوون و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاند.