کاوس قەفتان.. ناوێکی دیار لە جیهانی گێڕانەوەی چیرۆک و مێژووی کورددا

لە ئاستی زانستە جیاوازە مرۆییەکانی ئەکادیمیادا، خزمەتێکی گەورەی بە کورد کردووە، مێژووناس، نووسەر و پەروەردەکارێکی دیاری کوردە، د. کاوس قەفتان، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 22ی ئازاری 2009، کۆچیدوایی کردووە.

ساڵی 1933 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەم شارەدا تەواوکردووە، پاشان، ساڵی 1952، لە کۆلێژی باڵای دارالمعلمین لە بەغداد وەرگیراوە و بەکالۆریۆسی لە زانستەکانی مێژوو و جوگرافیادا وەرگرتووە، ساڵی 1957، لە ئامادەیی سلێمانی دامەزراوە، پاش تێپەڕینی سێ ساڵ، بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا، روو لە یەکێتیی سۆڤیەت دەکات، ساڵی 1963، لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی، دکتۆرا بە پلەی شەرەف، لە مێژووی نوێی کورد بەدەستدەهێنێت.

کاوس قەفتان، لەمیانی مانەوەی لە شاری لینینگراد، بڕیاری مانەوە دەدات وەکو پەنابەری سیاسی و لە پەیمانگەی ئەم شارەدا بە پلەی توێژەری زانستی دادەمەزرێت، کۆتایی ساڵی 1966، دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و دەستبەرداری کاری سیاسیی دەبێت، سەرەتا لە دیراساتی کوردی و پاشان لە وەزارەتی کاروباری ژووروو وەکو توێژەری زانستی دادەمەزرێت.

کاوس قەفتان، یەکێکە لە چیرۆکنووسە دیارەکانی کورد، خزمەتێکی گەورەی بە بواری ئەدەبی کوردی کردووە، خاوەنی چەندین چیرۆکە، هاوکات، لە وارەکانی لێکۆڵینەوەی مێژوو و ئەدەبیاتدا، سەرپشک و شارەزا بووە، لە زمانی رووسیشەوە، چەند بەرهەمێکی جیاوازی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە تێکڕای ژیانی نووسینی خۆیدا، توانیویەتی 28 کتێب، لە بوارە جیاوازەکاندا بنووسێت، لە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

نیو هەنگاو دوور لە دۆزەخ

پێنج تابلۆی شێواو

ژووری میوان

راپەڕینی ئاگری داغ

سەرەتای 1970، مامۆستا بووە لە کۆلێژی ئەدەبیات لە زانکۆی بەغداد لە بەشی کوردی، ساڵی 1981، پاش ساڵانێکی زۆر لە خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوە، خانەنشین دەبێت، پاش تێپەڕینی یەک ساڵ، بۆ جارێکی دیکە، بە پلەی شارەزا، لە کۆڕی زانیاریی بەشی کوردی، دادەمەزرێتەوە، پاشان ساڵانی 1987 تاوەکو 2000، لە بەشی مێژووی کۆلێجی ئەدەبیات و بەشی کوردی کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی بەغداد دەستبەکار بووە، لە زانکۆی سلێمانیش، لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە بەشی مێژوو کاری کردووە، بۆ جارێکی دیکە و لە ساڵی 2007، خانەنشیندەبێتەوە، پاش تێپەڕینی دوو ساڵ، رێکەوتی 22ی ئازاری 2009، لە تەمەنی 76 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە.