/

نورى مالیکى: مەسعود بارزانى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان ناکشێتەوە

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا

نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دەڵێت، قسەى لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە و دووپاتیکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناکشێتەوە و چاوەڕێى شیکردنەوەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە.

مالیکى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى سۆمەریە ئاماژەى بەوەکردووە، رژێمى پێشوو گرێیەکى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ بۆ بەجێهێشتوون و تاوەکو ئێستا نەیانتوانیووە تێیپەڕێنن و چارەسەرى بکەن.

گوتیشى، قسەى لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ئەو داوا دەکات لە چوارچێوەى دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکرێت، ئێمەش پابەندبوونمان بە دەستوور دووپاتکردەوە.

نورى مالیکى ئاماژەى بەوەشکرد، مەسعود بارزانى دووپاتیکردووەتەوە لە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ناکشێتەوە، بەڵکو چاوەڕێى شیکردنەوەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى دەکات.

بە گوتەى مالیکى، بارزانى بۆچوونی وایە هەندێ بڕیار مافى گەلى کوردیان زەوتکردووە، بەڵام ناتوانرێت کورد پەراوێزبخرێت و رۆڵى بسڕدرێتەوە، جەختیشیکردەوە، بەمنزیکانە ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.

سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا راشیگەیاند، یەکێک لەو کێشانەى کۆتایینەهاتووە، یاساى نەوت و گازە کە لە 2007 دەنگى لەسەر دراوە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران کراوە، ئەوەى پەسەندکردنەکەى دواخستووە، ئەو هەموارانەن هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوت پێشکەشیان دەکەن.