داریۆ فۆ.. ئایکۆنی شانۆی توڕە

98 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی داریۆ فۆ شانۆنامەنوسی ئیتاڵی تێدەپەڕێت، کە بە یەکێک لە ئایکۆنەکانی هونەرمەندە رەخنەگرە تووڕەکان دادەنرێت، بەگشتی شانۆکانی باسی کەیسی کرێکار و خەڵکی ئاسایی دەکرد، بەهۆی ئاڕاستەی سۆسیالیستییەوە، رێگەی پێنەدەدرا بچێتە چەند وڵاتێکەوە، لەوانەش ئەمریکا ئەمەش پاش ئەوەهات کە رەخنە توندی لە واشنتن دەگرت، هەروەها لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەشیدا لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەهۆی شانۆنامە گاڵە ئامێزەکانییەوە زەرەرمەند دەبوون دژایەتی دەکرا.

داریۆ ڵیوجی ئێنجیڵۆ فۆو رۆژی 24ـی ئازاری 1926 لە ناوچەی لۆمبادریا لە باکووری ئیتاڵیا لەدایکبووە، خوێندنی ئەندازیاریی تەواوکردووە، بەڵام خۆشەویستیی بۆ شانۆ وایکرد دووربکەوێتەوە لە بوارە ئەندازیارییەکەی.

ئەزموونی شانۆیی

داریۆ فۆ لەگەڵ شانۆی سەر شەقامدا گەورە بوو، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی کرد بە کارکردن لەو بوارەدا، چەندین مۆنۆلۆگ و شانۆی نوسیوە، کە زۆرینەیان دەربڕینی ئیمپرۆڤیزەیشن و ناڕەزایەتیی بەسەریاندا زاڵ بووە.

پسپۆڕان دەڵێن، کارەکانی داریۆ کە رەخنە و ناڕەزایەتییان پێوە دیارە، ئیلهامیان لە مێژووی کۆمیدیای ئیمپرۆڤیزەکراوەوە وەرگرتووە، لەپاڵ ئەزموونە نوێیەکانیدا لەوانەش ئەزموونی بریخت.

بەرهەمە شانۆییەکانی داریۆ باسی لە پرسە سیاسییە بەناوبانگەکان دەکرد، لەوانە جەنگی ڤێتنام، کوشتنی جۆن کێنێدی سەرۆکی ئەمریکا، پرسی فەلەستین، لەگەڵ پرسەکانی مافیا و گەندەڵی.

ساڵی 1954 هاوسەرگیریی لەگەڵ فرانکا رامەی ئەکتەر کرد، بەیەکەوە چەندین گروپی شانۆییان پێکهێنا، لەوانە، "لا کۆمونە"، "دیمەنی نوێ" و بوون بە دوانی بەناوبانگ، لە ساڵی 2013ـشدا مردنی رامە بووە مایەی تووشبوونی بە دۆخێکی دەروونی خراپ.

داریۆ بە ئاڕاستەی سۆسیالیستی و گرتنەخۆی پرسی کرێکاران ناسرا، هەر زوو دوای ئەوەی چەپەکان دەستیان بەسەر حکومەتدا گرت، لە ساڵی 1956ـدا بۆ چالاککردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی هەڵبژێردرا، بەڵام خێرا خاوەن کارگەکانی گۆشت داوایانکرد دەرکەوتنی لەسەر شاشە قەدەغە بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی رەخنەی توندی لێگرتن بەوەی گۆشتی مرۆڤ لە قوتو دەنێن، پاش ئەوەی کەیسی ژنێکی ئاشكراکرد کە چووبوو بۆ کارگەیەکی گۆشت بۆ سەردانی خزمێکی و لەوێ کەوتبووە ئامێری لەتکردنی گۆشتەکەوە.

دوای هێنان و بردنێکی زۆر لە دادگادا، خاوەنی کارگەکانی گۆشت توانیان بڕیار دەرکەن بۆ رێگریکردن لە داریۆ فۆ و هاوسەرەکەی کە بۆ ماوەی 14 ساڵ لە تەلەفیزیۆنەکانەوە دەربکەون.

داریۆ چەندین کاریی شانۆیی پێشکشکرد کە لەلایەن ئارەزوومەندانی هونەرەوە گرنگییەکی زۆریان پێدرا، لەوانەش، "وەسیەتنامەی پێشوو: نابێت لەوە کەمتر بدزیت"، "هەمیشە شەیتان تاوانبار دەکرێت" و "کچە گەورەکە".

شانۆیی "نهێنی کۆمیدیی" بە یەکێک لە دیارترین کارەکانی داریۆ فۆ دادەنرێت، لە کاتی لەدایکبوونییەوە لە ساڵی 1969ـەوە چەندین جار نمایشی ئەم شانۆییەی پێشکەشکردووە، هەندێکیان لە ساڵی 1986 لە نیویۆرک بووە، ئەم شانۆییە بووە مایەی تووڕەکردنی ڤاتیکان، کە بەوە وەسفی کرد زۆرترین کفر و بێدینی تێدایە.

بەهۆی ئاڕاستەی سۆسیالیستی و رەخنەکانی لە واشنتن، داریۆ بۆ ماوەیەکی زۆر رێگری لێکرا بچێتە ئەمریکاوە، قەدەغەکردنەکە تا ساڵی 1984 بەردەوام بوو، هەروەها بە پشتیوانیکردنی توندوتیژی تۆمەتبارکرا، کە ئەم تۆمەتە دواتر رەتکرایەوە.

هەروەها شانۆییەکانی "کێ لەدەرگا دەدات؟ پۆلیسە" و "ناتوانیین پارە نەدەین.. پارە نادەین"ی پێشکەشکرد، کە باسی مانگرتنەکانی هاوڵاتییانی شارەکانی باشووری ئیتاڵیایان دەکرد، لەگەڵ ئەمانەشدا بە شانۆیی "مەرگی لەناکاوی ئەنارکیست" ناوبانگی دەرکرد، کە شانۆیەکی تەنز ئامێزی ئامانجدار بوو.

شانۆیی "چیرۆکی پڵنگ"، "میدیا"، "هەمان چیرۆکی کۆن" و "ژنە عەرەبەکە قسە دەکات"ی بەرهەمهێناوە، کە شانۆییەکە دوای سەردانی کەمپێکی ئاوارەکانی فەلەستین لە لوبنان نوسیویەتی، کاتێک ژنێک کاسێتێکی بۆ نارد کە تێیدا باسی چیرۆکی خۆی دەکرد، بۆ ئەو چیرۆکەش مۆنۆلۆگێکی دروست کرد کە هاوسەرەکەی رۆڵەکەی دەبینی، هەر زوو ناوی شانۆییەکە گۆڕا بە "فیداییەکان".

داریۆ فۆ رۆڵی گرنگی لە زیاتر لە 70 شانۆییدا بینی، کە کۆکراوەی کۆمیدیا، تراژیدیا و گاڵتەئامێز بوون، لە رێگەیانەوە باسی لە ئازار و کێشەکانی گەلە جیاوازەکان دەکرد.

داریۆ بە توانا نایابەکەی لە ئیمپرۆڤیزەکردن و باسکردنی کەیسەکانی رۆژانە بە شێوازێکی گاڵتەئامێز و گاڵتەجاڕییەوە ناسرا کە سەرنجی بینەرانی رادەکێشا.

خەڵات و رێزلێنان

دوای ساڵانێک لە پێشکەشکردنی چەندین شانۆگەریی کاریگەر و خزمەتکردن بەو پرس و گەلانەی کە دەنگیان نەدەگەشت، ساڵی 1997 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بردووەتەوە.

رۆژی 13ی تشرینی یەکەمی 2016 داریۆ فۆ لە تەمەنی 90 ساڵیدا، پاش بەسەربردنی 12 رۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشکەوتنی سییەکانییەوە، کۆچی دواییکرد.

دوای کۆچی دوایی داریۆ، ماتیۆ رێنزی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، دڵتەنگی و غەمی بۆ لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین پایەکانی کولتووری ئیتاڵیا دەربڕی، گوتی، "رەخنە گاڵتەئامێزەکانی، لێکۆڵینەوەکانی، کارەکانی لەبواری دیزاینی شانۆییدا، چالاکییە هونەرییە هەمەڕەنگەکانی بە میراتێکی جیهانی گەورەی ئیتاڵی دەمێنێتەوە".