ماهیر زەین کۆنسێرێک لە دیاربەکر سازدەکات

ماهیر زەینی هونەرمەندی سویدی ، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە کۆنسێرتێکی موزیکی لە پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستان ساز کرد.

شارەوانی دیاربەکر، کە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ئەو پرۆگرامەی رێکخستووە، گوتوویەتی، ئاهەنگەکە شەوی شەممە بە بەشداریی ئامادەبوویەکی زۆر رێکخراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ماهیر زەین لەماوەی ئاهەنگەکەدا چەند سرودێکی ئیسلامی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکیی گوتووە.

لە پێشتریشدا زەین کلیپێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سرودێکی ئیسلامی بە زمانی کوردی لە دیاربەکر دەگوت، ئەو کلیپەشی دەنگدانەوەیەکی زۆری لەلایەن گوێگرانەوە هەبووە.

ماهیر زەین، لە 18ـی حوزەیرانی 1981 لە لوبنان لەدایکبووە و خاوەنی ناسنامەی سویدییە، باوکی لە بەیروت گۆرانی گوتووە، ئەمەش وایکردووە لەگەڵ موزیکدا گەورە ببێت، لە تەمەنی 10 ساڵیدا یەکەم ئامێری موزیکی کڕیوە و هەر لەو کاتەوە موزیک بووە بە بەشێکی گرنگی ژیانی، لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە چووە بۆ سوید و لەوێ بەردەوام بووە لەسەر خوێندن، دوای دەرچوون لە بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە زانکۆ. چووەتە بواری موزیکەوە و کاری لەگەڵ رێد-وان کردووە، دوای سەرکەوتنی لە سوید چووەتە نیویۆرک و لەوێ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، دواتر دەستی کردووە بە گوتنی گۆرانی ئاینی لە ساڵی 2009ـدا  ئەلبوومی یەکەمی "الحمداللە"ـی بڵاوکردەوە کە 13 گۆرانی تێدابوو، لە ساڵی 2010ـەوە گۆرانییەکانی گوێگرێکی زۆریان لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا راکێشا، دوای ئەوەش چەندین بەرهەمی دیکەی بڵاوکردووەتەوە، زۆرینەی گۆرانییەکانی ماهیر زێن بە زمانی ئینگلیزییە، هەندێکجار بە زمانەکانی دیکەش گۆرانی دەڵێت، بەگشتی گۆرانییەکانی بەڕاددەیەکی زۆر بڵاوبوونەتەوە و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.