ژنان دیارترین براوەی خەڵاتی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا بوون

براوەکانی خەڵاتی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا راگەیەنران، کە تیایدا، بەرهەمێکی بەختیار عەلی، پاڵێوراو بوو بۆ بردنەوەی خەڵات.

خانمە نووسەری ئەمریکی، لۆری مۆر، بە کتێبی "I Aam Homeless if This Is Not My Home، توانی ببێت بە دیارترین براوەی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا، کە ناوەڕۆکدا، گێڕانەوەیەکی پێکەنیناویی و تراجیدی چیرۆکی خێوێکە.

لە ئاستی دابەشکردنی خەڵاتە ئەدەبییەکاندا، خەڵاتی بازنەی رەخنگەرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا، یەکێکە لە دیارترین خەڵاتەکان، بەڵام جیاواز لە مەراسیمەکانی دیکە، لە بری دابەشکردنی خەڵات لەڕێگەی کۆمیتەی نووسەر و ئەکادیمیستەکان، رەخنەگرانی کتێب دەنگیان لەسەر براوەکان دا، هاوکات، لە بنەڕەتی هەشت براوەی خەڵاتەکەدا، شەشیان ژن بوون.

ئەمساڵ، نووسەری دیاری کورد، بەختیار عەلی، یەکێک بوو لە دیارترین پاڵێوراوەکان، بۆ بردنەوەی خەڵاتی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا، لە ئاستی پۆلی کتێبی وەرگێڕاودا، بە کتێبی وەرگێڕاوی دواهەمین هەناوی دونیا، کە وەرگێڕ، کەریم عەبدولرەحمان، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لەماوەی رابردوودا، یەکێک بوو لەو کتێبانەی، لە پۆلی رۆمانی وەرگێڕاودا، گەیشتبوون بە قۆناغی لیستی درێژی خەڵاتی بازنەی رەخنەگرانی نیشتمانی ئەمریکا.

ئەم خەڵاتە، بۆ یەکەمینجار ساڵی 1975، لەلایەن بازنەی رەخنەگرانی نیشتمانیی ئەمریکاوە دابەشکراوە، بەشێوەیەکی گشتی، دیارترین ئەو بەرهەمانە خەڵات دەکات، کە لە ئاستی وڵاتەکەدا، لەلایەن رەخنەگرە ئەدەبییەکانەوە بە باشترینەکانی ساڵ دادەنرێن و بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە.

بۆ ئەمساڵ، لە هەشت پۆلی جیاوازدا، خەڵات بەسەر باشترینەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکا دابەشکرا، ئەوانیش:

خەڵاتی ئەدەبیاتی خەیاڵی
لۆری مۆر – I Am Homeless if This Is Not My Home

خەڵاتی ژیاننامەی تایبەت
سافیە سینکلێر – How to Say Babylon: A Memoir

خەڵاتی ژیاننامە
جۆنی ستاینبێرگ – Winne and Nelson: Portrait of a Marriage

خەڵاتی ناخەیاڵی
رۆکسانا ئاسگاریان – We Were Once a Family: A Story of Love, Death, and Child Removal in America

خەڵاتی شیعر
کیم هایسۆن – Phantom Pain Wings

خەڵاتی کتێبی گرێگ باریۆس بۆ وەرگێڕان
تیزەر ئۆزلو – Cold Nights if Childhood

خەڵاتی جۆن لیۆنارد
تاهیر هاموت ئیزگیل – Waiting to Be Arrested at Night: A Uyghur Poet’s Memoir of China’s Genocide

خەڵاتی رەخنە
تینا پۆست – Deadpan: The Aesthetics of Black Inexpression