بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرز دەبێتەوە

پارەی جۆری دینار و دۆلار

بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوە تۆمار دەکات و 100 دۆلار بە 147 هەزارو 100 دینار مامەڵەى پێوە دەرکرێت.

بانکى ناوەندیى عێراق بۆ رۆژی یەکشەممە 24ى ئادار بڕى 245 ملیۆن و 545 هەزار دۆلارى خستووەتەڕوو، کە لەماوەى ئەم مانگەدا خستنەڕووى دۆلارى زیاد کردووە، رۆژانە 35 ملیۆن دۆلار بەراورد بەمانگى شوبات دەخاتەڕوو، ئەوەش کاریگەریى لەسەر بەرزکردنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هەیە کە بەهاى 100 دۆلار بە 147 هەزارو 100 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت.

لەماوەى یەک هەفتەدا بۆ هەر 100 دۆلارێک دوو هەزار و 250 دینار کەمتر بووەتەوە، کە پێشتر لە سەروو 150 هەزار دینارەوە بووە.

بڕیارە رۆژی 15ى نیسان محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا و وەزارەتى گەنجینەى ئەو وڵاتە کۆبوونەوە ئەنجامبدات، دوو تەوەرى سەرەکییان تایبەتە بە دۆلار، یەکەمیان مانگانە لە فرۆشتنى نەوتى عێراق لەبرى پێنج ملیار دۆلار، شەش ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق بنێردرێتەوە، تاوەکو خستنەڕووى دۆلارى رۆژانە بگەیەننە 280 ملیۆن دۆلار.

چاوەڕێشدەکرێت، رێوشوێنەکانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کەمتر بکرێتەوە تاوەکو زۆرترین کەس دۆلاریان پێبگات. هەریەک لە بانکەکانى (جەى پى مۆرگان، ویسترن یونیەن، مەنى گرام) لەڕێگەى سڕیال نەمبەرى ئەو دۆلارانەى دێتە عێراقەوە، زانیاریى دەدەنە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کە دۆلارەکان لەناوخۆدا بەکاردەهێندرێت، یاخود بۆ سپیکردنەوە و قاچاغ بۆ وڵاتانى دیکە رۆیشتوون