تمەنى ئێرانى بەرامبەر دۆلار نزمترین ئاستى تۆمار کرد

پارەی ئێرانی و ئەمریکی فۆتۆ: گووگڵ

تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار نزمترین ئاستى تۆمار کرد و بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر شەش ملیۆن و 130 هەزار تمەن مامەڵەى پێوەدەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە ئێرانییەکان جەژنى سەرى ساڵى نوێى فارسى دەگێڕن.

ئێرانییەکان سەردانى دوکانەکانى ئاڵوگۆڕکردنى دراویان کردووە، بەڵام بەهۆی پشووی نەورۆزەوە، کە لە 20ی ئازار تاوەکو دووی نیسان بەردەوام دەبێت، زۆربەیان داخراون.

پشووی نەورۆز ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت و دەرفەتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەڕەخسێنێت، ئەمەش خواست لەسەر دۆلارى ئەمریکى و یۆرۆ زیاد دەکات.

لەناو ئێراندا 18ى ئازار، واتا هەفتەیەک لەمەوبەر بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە پێنج ملیۆن و 900 هەزار تمەن بووە، بەڵام گەشتى گەشتیارانى ئێران و پێویستیان بە دراوى دۆلار و یۆرۆ، بەهاى تمەنى زیاتر دابەزاندووە.

لەمانگى شوباتى 2023، بەهاى تمەنى ئێرانى گەیشتە نزمترین ئاست و بەهای 100 دۆلار گەیشتە شەش ملیۆن تمەنى ئێرانى.