چاوەرواننەکراو..یەکەمی جیهان ماڵئاوایی لە کراوەی مەیامی دەکات

ئیگا شڤیۆنتیک، لە پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامیی 2024. فۆتۆ: AP

لە یارییەکی بەهێزی پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامی بۆ تێنسی سەرزەوی لەسەر ئاستی خانمان، چاوەرواننەکراو روویدا، ئیگا شڤیۆنتیک کە پاڵەوان و یەکەمی ریزبەندیی جیهانە لەسەر دەستی بەهرەمەندێکی رووسی کرایە دەرەوە.

ئیگا شڤیۆنتیکی پۆڵەندی لە قۆناغی 16ی پاڵەوانییەتی کراوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئیکاترینا ئەلێکساندرۆڤای رووسی شکستیهێنا و نەیتوانی بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی ببڕێت.

لە کۆمەڵەی یەکەمدا ئەلێکساندرۆڤا باڵادەستبوو و توانی سێرڤی رکابەرە پۆڵەندییەکە بشکێنێت، ئەو کۆمەڵەیەشی بە ئەنجامی (6 بە 4) لە یەکەمی ریزبەندیی خانمان بردەوە.

سەرەڕای ئەوەی لە کۆمەڵەی دووەمدا چاوەروانی گەڕانەوەی شڤیۆنتیک دەکرا، بەڵام بۆ جاری دووەم ئیکاترینا توانی بە ئاسانتر و ئەنجامی (6 بە 2) لە کۆمەڵەی دووەمیشدا جەمسەری سەرکەوتوو بێت.

بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی (WTA)، یەکەمجارە ئەلێکساندرۆڤا بتوانێت لە یەکێک لە پێنج باشترینەکەی جیهان بباتەوە، بەو سەرکەوتنە مێژووییەش خۆی گەیاندە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

ئەلێکساندرۆڤا لە یاریی داهاتووی لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی جێسیکا پیگولای ئەمریکی دەبێتەوە، کە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خانمانی تێنسی سەرزەویدایە و لە ئەگەری سەرکەوتن لەو یارییەشدا، مێژووییەکی گەورە دەنووسێتەوە و هەنگاونانی بەرەو یاریی کۆتایی دەبێتە بابەتێکی حەتمی.