ئالکاراز کۆتایی بە مۆنفیس هێنا و چاوەڕوانی مۆسێتی ئیتاڵییە

کارلۆس ئالکاراز، لە پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامیی 2024. فۆتۆ: AP

لە یارییەکانی پاڵەوانیەتی تێنسی سەرزەوی کراوەی مەیامی بۆ ئاستی پیاوان، کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی بەسەر گایل مۆنفیسی فەرەنسیدا سەرکەوت و خۆی گەیاندە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

ئالکاراز لەسەر ئاستی جیهان لە خانەی دووەمی ریزبەندیی یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنسی سەرزەویدایە، لە سەرەتای یارییەکەوە تاوەکو کۆتایی شەڕی مانەوە و بەدەستهێنانی کۆمەڵەکانی دەکرد، بۆیە مۆنفیسی فەرەنسی نەیتوانی لە هیچ ساتێکی یارییەکەدا باڵادەستی نیشانبدات.

سەرەڕای هێرشی بەردەوامی مۆنفیس، بەڵام ئالکاراز بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام (6 بە 2) و (6 بە 4) بەبێ هیچ ئاستەنگییەک سەرکەوتنی دەستەبەرکرد و رکابەرە فەرەنسییەکەی کردە دەرەوەی کراوەی مەیامی.

"ماتادۆرەکەی ئیسپانیا" لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی لۆرێنزۆ موسێتی ئیتاڵی دەبێتەوە.

ئالکاراز کە بە جێنشینی رافائێل نادالی ئەفسانەی هاونیشتمانی ناودەبرێت، لەم وەرزەدا ناسناوی ئیندیانا وێڵزی بەدەستهێناوە، بە هەمانشێوە دەیەوێت ناسناوی کراوەی مەیامی بخاتە سەر هەگبەی دەستکەوتەکانی، هەرچەندە تەمەنی 20 ساڵە و ئەزموونی یاریزانە مێژووییەکانی نەکردووە، بەڵام لە خانەی دووەمی ریزبەندیی یاریزانانی تێنسی سەرزەوی دەبینرێت، شارەزایانی بوارەکەش پێیانوایە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانێت جێگەی ئەفسانەکانی وەک جۆکۆڤیچ و نادال بگرێتەوە، لە کاروانی یاریکردنیشیدا 13 ناسناوی (ATP) و دوو ناسناوی "گراند سلام (ویمبڵدۆن و فلاشینگ میدۆز)، هەروەها پێنج ناسناوی ماستەری بەدەستهێناوە.