ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا: ئۆکرانیا دەستى لە هێرشەکەى مۆسکۆدا هەبووە

ئەو هۆڵەى لە نزیک مۆسکۆ هێڕشکرایەسەرى. فۆتۆ: AFP

سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هەواڵگرى ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی، یارمەتی ئەو کەسانەیان داوە کە هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگەکان لە مۆسکۆ و دەشڵێت "ئەو کەسانە بەبێ هاوکارى نەیاندەتوانى ئەو کردەوەیە ئەنجامبدەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـى ئازارى 2024، ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا رایگەیاند، "بەگوێرەى دانپێدانانى ئەو کەسانەى لە هێرشەکەى مۆسکۆدا بەشداربوون، ئۆکرانیا دەستى لە هێرشەکەدا هەبووە".

جەختیی لەوەشکردەوە، "ئیسلامییەکان نەیاندەتوانی هێرشێکی تیرۆریستی لەو شێوەیە لە رووسیا ئەنجامبدەن، بەبێ هاوکارى لایەنەکانى دیکە".

رۆژى سێشەممە 26ـى ئازارى 2024، ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بێگومان ئەو هێرشە تیرۆرستییە بەهاوکارى هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ئەنجامداوە و هەواڵگریی ئۆکرانیاش پەیوەندیی راستەوخۆی بەوەوە هەبووە".

رۆژى 22ـى ئازارى 2024، ژمارەیەک چەکدار هێرشییانکردەسەر هۆڵێکى ئاهەنگگێڕان لە شاری کراسنۆگۆرسک لە نزیک مۆسکۆ، بەگوێرەى دوایین ئامارى لیژنەی لێکۆڵینەوە 143 کەس لە رووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە کە سێ کەسیان منداڵ بوون و 182 کەسى دیکەش برینداربوون.

پاش رووداوەکە ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکى رووسیا رایگەیاند، "چوار کەس لە ئەنجامدەرانى هێرشە تیرۆرستییەکەیان دەستگیرکردووە، کە هەوڵیاندا هەڵبێن بەرەو ئۆکرانیا".

 گوتیشى، "بە گشتی 11 کەسییان بەتۆمەتى ئەنجامدانى ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەستگیرکردووە و هێزە ئەمنییەکانیش کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەو کەسانەى دەستیان لەو کردەوەیەدا هەبووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگاى ئاسایشى رووسیا، ئەو چەکانەی لە هێرشە تیرۆرستیەکەدا بەکارهێنراون، پێشوەختە ئامادەکراون.