ئالکاراز بە 90 خولەک موسێتی لە مەیامی کردە دەرەوە

کارلۆس ئالکاراز، لە پاڵەوانییەتی مەیامی کراوەی 2024. فۆتۆ: AP

لە یارییەکانی پاڵەوانییەتی مەیامی کراوە بۆ تێنسی سەرزەوی، کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی تادێت تواناکانی باشتر و بەهێزتر نیشاندەدات، لە دوایین یاریشدا توانی بە ئاسانی لۆرێنزۆ موسێتی ئیتاڵی بکاتە دەرەوەی پاڵەوانییەتییەکە.

ئاستی ئالکاراز چاوەڕوانکراو بوو، هەر لە سەرەتای یارییەکە بە بەهێزی دەرکەوت، کۆمەڵی یەکەمی بە ئەنجامی (6 - 4) کۆمەڵەی دووەمیشی بە ئەنجامی (6 - 3) بردەوە، بەم ئەنجامەش گەیشتنی بە قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەرکرد.

ئالکاراز لە ماوەی 90 خولەکدا توانی بەسەر موسێتیی ئیتاڵیدا سەربکەوێت، دوای یارییەکەش یاریزانە ئیسپانیەکە گووتی، "لە هاوینی رابردووەوە، ئەم یارییە خۆشترین و باشترینەئەنجاممداوە، هەرچەندە هێشتا پێکانەکەی ئەژنۆم بێزارم دەکات و کاریگەریی ماوە."

ئالکاراز لەخانەی دووەمی ریزبەندیی یاریزانانی تێنسی سەرزەویدایە، یاریی داهاتووشی بەرامبەر گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری ئەنجامدەدات کە لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندیی یاریزانە پیشەگەرەکانی بواری تێنسی سەرزەویدایە.