ئەو بەرهەمە "سروشتییانەی" بۆ زیادکردنی توانای سێکسی دەفرۆشرێن بەشاراوەیی ڤیاگرایان تێکراوە!

رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، چەند پێکهاتەیەکی شاراوەی لە چەند دەرمانێکی تایبەت بە زیادکردنی توانای سێکسی دۆزییەوە.

رێکخراوەکە دەریخست کە 11 دەرمانی زیادکردنی توانای سێکسی، بەبێ ئەوەی لەسەریان بنوسرێت کە لە پێکهاتەکانیاندا ڤایاگرا و سیالیسیان تێدایە، بەبێ پێویستبوون بە رەچەتەی پزیشک، دەفرۆشرێن بە خەڵک. ئەمە لە کاتێکدایە ڤایاگرا و سیالیسیان دوو پێکهاتەن کە پێویستە تەنیا لە رێگەی رەچەتەی پزیشکەوە بدرێن بە بەکارهێنەران ئەگەرنا دەکرێت لێکەوتەی مەترسیدارییان هەبێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەم دەرمانانە هیچ زیانێکی ئەوتۆیان دروستنەکردووە، بەڵام رێکخراوی خواردن و دەرمانی ئەمریکا هۆشداریدەدات و رێنمایی کەسانی بەکارهێنەر دەکات بوەستن لە بەکارهێنانیان.

پسپۆڕان دەڵێن مەترسیی ئەم جۆرە دەرمانانە لەوەدایە، کە کەسانی بەکارهێنەر ئاگادارنین لە پێکهاتە راستەقینەکانی ئەم دەرمانانە و دەکرێت ببنەهۆکار بۆ هەڵە بەکارهێنانیان، کارلێککردنی ئەم دەرمانانە لەگەڵ دەرمانی دیکەدا، دروستبوونی هەستەوەری و زیانگەیاندن بەو کەسانەی نەخۆشییان لەگەڵدایە.

تەواوکەرە خۆراکییەکان، دەرمانە گژوگیاییەکان و دەرمانە یارمەتیدەرەکان ئەو جۆرە دەرمانانەن کە زۆرترینجار پێکهاتەی شاراوەیان تێدا بەدیدەکرێت.