دانیڵ کۆڵینز ناسناوی کراوەی مەیامی 2024ی بەدەستهێنا

دانیڵ کۆڵینز، لە کاتی بەدەستهێنانی ناسناوی مەیامی کراوەی 2024. فۆتۆ: AP

لە یارییەکانی پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامی بۆ تێنسی سەرزەوی خانمان، دانیڵ کۆڵینز بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئاستە نایابەکەی و توانی ئیلینا رایباکینای کازاخستانی تووشی شکست بکات و ناسناوەکە بەدەستبهێنێت، تەنانەت بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا ناسناوێكی ماستەرزی هەزار خاڵی دەستەبەرکرد.

رایباکینا بەرامبەر کۆڵینز بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تواناکانی لەدەستدا و نەیتوانی کۆنترۆڵی یارییەکە بکات، یارییەکە سەرکێشییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی.

هەر لە کۆمەڵەی یەکەمەوە کۆڵینز باڵادەستبوو و توانی بە ئاسانی کۆمەڵەکان لە رایباکینا بباتەوە، خاڵی کۆمەڵەکانیش بەگشتی، 7 بە 5 و 6 بە 3 بوون، بەم شێوەیە رایباکینای تووشی شکست کرد و ناسناوی پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامی لەسەر ئاستی خانمان بەدەستهێنا.

ئەوە خەونێک بوو بۆ من و لە کۆتاییدا هاتەدی، چونکە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو ئەوەی لە توانامدا بوو کردم کە بەراستی ئەزموونێکی قورس بوو، خۆتان دەزانن تەمەنم 30 ساڵە و  لە کۆتایی ماوەی یاریکردندام، بۆیە گەیشتن بە ناسناوی پاڵەوانییەتییەکی ماستەرز بەڕاستی نایاب بوو، هەستم بە پەرۆشییەکی زۆری هاندەران دەکرد.

دانیڵ کۆڵینز، یاریزانی تێنسی سەرزەوی.
دانیڵ کۆڵینز، دوای بردنەوەی ناسناوی پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامی 2024. فۆتۆ: AP

بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە وەک خەونێک وابوو بۆ کۆڵینزی ئەمریکی، چونکە لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمی 2024 رایگەیاند، کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا خانەنشین دەبێت، لە کاتێکدا تەمەنی 30 ساڵە.

کۆڵینز بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، توانی ناسناوی 1000 خاڵی ماستەرزی خانمانی تێنس بەدەستبهێنێت.