بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بۆ کەناڵ8: کارمەندەکانمان بایکۆتیان شکاند

کارمەندێکی هاتوچۆ لەکاتی ئەرکدا، فۆتۆ: حەمەسوور کەناڵ8

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، کارمەندانی هاتوچۆ بایکۆتیان شکاندووە و بەبێ هیچ کێشەیەک لە ئەرکدان.

عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە کەناڵ8ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە 30ی ئازاری 2024 دەستکرا بە دابەشکردنی مووچە، ئەمڕۆ کارمەندانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاوتوچۆی سلێمانی بایکۆتیان شکاندووە و دەستیان بە دەوام کردووەتەوە و لە ئێستادا دەوام لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاساییە.

گوتیشی، لە ئەمڕۆوە بەبێ هیچ کێشەیەک مامەڵەی هاونیشتمانییان راییدەکەن و ئەو کارمەندانەشی لەسەر شەقامەکانن، چوونەتەوە سەر ئەرکی خۆیان بۆ رێکخستنی شەقامەکان و هاتوچۆی شۆفێران.

بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، زیاتر لە هەفتەیەک بوو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی و فەرمانبەرانی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان بایکۆتی دەوامیان کردبوو.