نابینایان لە رێگەی دەنگەوە وێنای خۆرگیران ئەزموون دەکەن

سەیرکردنى ساتى خۆرگیران یەکێکە لە دیمەنە جوانەکانى دیاردە سروشتییەکان، کە مرۆڤەکان چێژى لیدەبینن.

ئەم دیمەنانە لەلاى مرۆڤە ئاساییەکان دەبێتە بیرەوەرى و لە خەیاڵیان دەمێنێتەوەن بەڵام بۆ ئەو کەسانەى کە نابینان یان تواناى بینینیان کەمە، رەنگە ئەستەم بێت چێژ لەم دیاردە سروشتیە ببینن.

پێشوەچوونەکانى تەکنەلۆجیا بەشێوەیەکە کە ئێستا کاردەکریت تاوەکو ئەو کەسانە بتوانن بێبەشنەبن لە بینینى دیاردەى خۆرگیران.

لایت ساوند، پڕۆژەیەکى زانایان و شارەزایانەن لەڕێگەیەوە کەسانى نابینا دەتوانن دیاردەی خۆرگیران وەک تابلۆیەکی هونەری لە هزرییان درووستدەکات.

لەوبارەیەوە ئەلیسۆن بیریلا،  فەلەکناسی زانکۆی هارڤارد دەڵێت، "دەمانەوێت ئامێرێک درووستبکەین بەناوى لایت  ساوند، کە دەتوانێت هێزى رووناکی بگۆڕێت بۆ دەنگ، وەک ئامرازێک بە کاردەهێندرێت کە نابینایان یان ئەو کەسانەی ئاستی بینینیان لاوازە سودی لێوەربگرن".

بەگوێرەى هەواڵى ئاژانسی بۆشایی ئاسمانى ئەمریکا ناسراو بە ناسا، رۆژى 8ى نیسانى 2024 خۆرگیرانى تەواوەتى لە ئەمریکا روودەدات لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی تێکساس، ئەرکەنسا، میزۆری، کەنتاکی، ئیلینۆیز، ئیندیانا، ئۆهایۆ، پێنسلڤانیا، نیۆیورک، ڤێرمۆنت، نیوهامشەر و ویلایەتی مەین و وڵاتانى مەکسیک و کەنەدا دەبیندرێت.

ئەلیسۆن بیریلا، گوتى "ئێمە بە درێژایی کاتی روودانی خۆرگیرانەکە ئەم ئامێرانەمان دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بەکاریبهێنن و  بە دەنگ ئەزموونی بکەن".

لایت ساوند، پرۆژەیەکی هاوبەشە لە نێوان واندا دیاز-مێرسد، فەلەکناسی نابینا و هارڤارد ئەلیسۆن بیریلا، ئامانجیانە نابینایان لەو ئەزموونە بێ بەشنەبن.

مین ها، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای یاریدەدەر لە قوتابخانەی پێرکنز بۆ نابینایان باس لەبیرەوەرییەکى خۆی دەکات، ئەوکاتەى نەیتوانیوە خۆرگیرانى ساڵى 2017 ئەزمون بکات، سەبارەت بە پڕۆژەى لایت  ساوند گوتى، " هەستم کرد لە ساڵی 2017دا، بەجێهێڵدرام، لە ئەزمونکردنی مانگگیرانەکە، وەک یادەوەرییەک لە مێشکمدا ماوەتەوە کە هەستم بە نارەزایەتی کرد و هەستێکی ناخۆشبوو بۆم، بەڵام  ئێستا، هەرچەندە ناتوانین شتەکان ببینین، بەڵام بەو مانایەش نییە کە ناتوانین ئەزموونی هیج شتێک بکەین. ئێمە دەتوانین بەرێگای جیاواز ئەزموون و هەستی جیاواز بدەین بە خۆمان بۆئەوەی چێژی لێببینین،  تەنیا لەبەر ئەوەی جیاوازە مانای ئەوە نییە کە شایانی تاقیکردنەوە نییە".

ئامێری لایت ساوند، دەتوانێت گۆرانکاریی رووناکی لە ئاسماندا بگۆرێت بۆ دەنگ،  کاتێک خۆر گەشاوەیە، ئامێرەکە نۆتەکانی فلوت بە بەرزى دەژەنێت. لەگەڵ ئەوەى مانگ بەرى خۆر دەگرێت، نۆتەکان دەبێتە کلارنێت، کاتێکیش مانگ بە تەواوی روناکی خۆر دادەپۆشێت، دەنگێکی نزم دەگاتە گوێیى نابیناکان و لەو رێگەیەوە ئاگاداری سات بە ساتی دیاردە سروشتییەکە دەبن و ئەزمونی دەکەن.

ئامێری تەکنەلۆجی لایت ساوند