سێ كەشتیوانەكەی ناسا بە سەركەوتوویی لە كازاخستان نیشتنەوە

ئەو سێ کەشتیوانە ئاسمانییەی لە رێگەی کەپسولی (سۆ یۆز ئێم ئێس 24)، كە لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە بەرەو زەوی بەڕێکەوتن، بە سەرکەوتویی لە کازاخستان نیشتنەوە.

كەپسوولەكە سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 6ـی نیسانی 2024، نیشتەوە و سێ کەشتیوانی ئاسمانی تێدابوو، یەکێک لەوان یەکەم ژنە کەشتیوانی ئاسمانی بیلاڕووسیایە لەگەڵ کەشتیوانێکی ناسا و کەشتیوانێکی رووسیا، پاش تەواوبونی ئەرکەکەیان لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی، لە ماوەی سێ کاتژمێر و نیودا گەیشتنەوە سەر زەوی.

وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی، وەکو هێمای هاوکاریی نێودەوڵەتی دوای جەنگی سارد کاری کردووە، هەرچەندە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ناسا و ئاژانسەکانی دیکەی بۆشایی ئاسمان زۆرینەی کارەکانیان لەگەڵ رووسیا راگرتووە، بەڵام کارەکانی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان وەکو خۆی ماوەتەوە.

ناسا و هاوبەشەکانی خوازیارن تاوەکو ساڵی 2024، بەردەوامبن لە بەڕێوەبردنی ئەو بنکەیە كە لە خولگەی زەویدا جێگیركراوە.