ڤیدیۆ.. پاش چەند چرکەیەک لە هەڵدانی مووشەکێکی بۆشایی تەقییەوە

شوێنی کەوتنی مووشەکەکە فۆتۆ: AFP

لە ناوچەی واکایامای ژاپۆن، رۆژی چوارشەممە 13ی ئازار، مووشەکێکی بۆشایی، دروستکراوی کۆمپانیای "سپەیس وەن" بەناوی (کایرۆس)، لە پاش چەند چرکەیەک لە هەڵدانی، تەقییەوە.

مووشەکی بۆشایی کایرۆس، درێژییەکەی 18مەترە و بە سووتەمەنیی رەق کاردەکات.

رۆژی 13ی شوبات لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە ژاپۆن هەڵدرا و لەپاش ماوەیەکی کەم تەقییەوە و بەدوای خۆیدا گڕێکى گەورەی لە سەکۆی هەڵدانەکەی دروستکرد.

بەرپرسانی ژاپۆن، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە و زیانە ماددییەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بەوپێیەی لە نزیکی ئەو سەکۆیە لەبەر مەترسییەکەی نابێت هاوڵاتیی هەبێت.

کۆمپانیای سپەیس وەنی ژاپۆنی رایگەیاندووە، مووشەکی کایرۆس مانگێکی دەستکردی حکومەتی ژاپۆنی هەڵگرتووە، بە مەبەستی تاقیکردنەوە ویستوویانە بەکاریبهێنن و ببێتە شوێنگرەوەیەکی کاتی بۆ ئەو مانگە دەستکردە هەواڵگرییانەی ئێستا لە خولگەدا هەن، ئەگەر هاتوو ئەوان لەکار وەستان.

هاوکات کۆمپانیاکە کە بنکەکەی لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن-ە دەیویست ببێتە یەکەم کۆمپانیای ژاپۆنی تایبەت سەرکەوتوو بێت لە جێگیرکردنی ئەم مووشەکە ئاسمانییە لە خولگەی خۆیدا.

ژاپۆن، هەرچەندە لەڕووی رکابەریی مووشەکی بۆشایی ئاسمانەوە ژمارەیەکى گەورە نییە، بەڵام پەرەپێدانی ئەو بوارە لەو وڵاتە بەردەوامە، بەهاندانی حکومەت زانایان دەیانەوێت مووشەکی کەم تێچوو دروستبکەن بۆ دابینکردنی خواستی حکومەت و کڕیارە جیهانییەکانیان، جگە لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی هەریەک لە چین و رووسیا لەو بوارە.

پێشتر سەرۆکی کۆمپانیای سپەیس وەن رایگەیاندبوو، ئامانجیانە ساڵانە و تاوەکو ساڵى 2030، 20 مووشەکی ئاسمانی هەڵبدەن.