زانایان بەنیازن لە بۆشایی ئاسمانەوە كارەبا بەرهەمبهێنن و بیگوازنەوە سەر زەوی

لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدا، زانایان کار لەسەر دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا لە بۆشایی ئاسماندا دەکەن، کە بە تیشکی خۆر کاردەکات و بە وێستگەی کارەبای داهاتوو ناویدەبەن.

لە تاقیگەیەکدا لە زانکۆی کوینز لە بێڵفێست لە باکوری ئێرلەندا، زانایان بە هاوکاریی کۆمپانیای سپەیس سۆلار، سەرقاڵی دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبان لە بۆشایی ئاسماندا، کە بۆ کۆکردنەوەی تیشکی خۆر بە بەردەوامی دیزاینکراوە، وێستگەکە ناوی "کاسیۆ پێیە" و کارەبا لە تیشکی خۆرەوە بەرهەمدەهێنێت، دواتریش بە تیشک دەیگوازێتەوە سەر زەوی.

کۆمپانیاکە بەنیازە لە ماوەی 10 ساڵدا وێستگەکە بە پانتایی یەک میل لە بۆشایی ئاسماندا دروستبکات، پسپۆران دەڵێن وێستگەكە لەتوانایدا دەبێت کارەبای پێویست بۆ زیاتر لە ملیۆنێک ماڵ بەرهەمبهێنێت.

مارتن سۆلتاو، هاوبەشی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس سۆلار لەبارەی وێستگەكەوە باسی لەوەكردووە، "وزەی خۆر لەسەر بنەمای بۆشایی ئاسمان بریتییە لە کۆکردنەوەی وزەی خۆر لە بۆشایی ئاسمانەوە، کە شە و رۆژ وزەیەکی زۆرهەیە و بەردەستە، لە رێگەیەوە ئەو وزەیە وەردەگرین بۆ زەوی، بۆ ئەوەی بتوانین بە بەردەوامی وزەی زۆر و گونجاومان دەستبکەوێت بە شەو و بە رۆژ لە هەموو کەش و هەواو و وەرزەکاندا".

هاوكات، دکتۆر جۆڤانا رادولۆڤیچ، مامۆستای باڵا لە سیستەمی وزە لە زانکۆی پۆرتسمۆس گوتویەتی، "ئێمە وەکو کۆمەڵگایەک، لەم هەسارەیە گەرەتربووین و تێمانپەراندووە، بۆیە کارێکی ئاساییە دەستمان بۆ بۆشایی ئاسمان درێژبکەین و سودی لێوەربگرین.

روونیشیكردووەتەوە، "بەراستی ئەوە بیرۆکەیەکی زانستی خەیاڵی بوو کاتێک گەنجبووم و بیرم لێدەکردەوە، بەڵام تەکنەلۆجیا ئەوەندە پێشکەوتووە باوەڕم وایە ئەمە بەدڵنیاییەوە شتێکە کە دەمانتوانی بە درێژایی ژیانمان ببینین و ئەزموونی بکەین".