ئێرتاگی ئەپڵ بۆ دزینی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێندرێت

ئامێری ئەپڵ ئێرتاگ، وێنە: ئەپڵ

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا ئاشکرایدەکات کە بەشێک لە گەشتیاران رووبەڕووى دزینى ئۆتۆمبێلەکانیان بونەتەوە و دواى بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتوە بەشێک لە حاڵەتەکانى دزیکردنى ئۆتۆمبێل بەهۆى ئێرتاگى ئەپڵ ئەنجامدراوە.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسى ئەمریکا هۆشداریدەدات بە گەشتیاران بەتایبەت ئەوانەى لە وڵاتى کەنەداوە روولە ئەمریکا دەکەن، بەتەواوی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان ئەنجامبدەن.

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرمۆنت ئاماژەی بەوەشداوە، چەند کەسێک پەیوەندییان پێوەکردوون و گوتویانە، لە کەنەدا دەگەڕاونەوە و مۆبایلە ئایفۆنەکانیان لەناکاو ئێرتاگێکی بەدی کردووە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان، بەهۆی ئەم فێڵە باندە تاوانکارییەکان توانیویانە دواتر جێگای ئۆتۆمبێلەکە دیاری بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بدزن.

ئێرتاگ ئامێرێکە وەک مەدالیەیەکى بچووکە و بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە، ئەم ئامێرە دەکرێت بە کەلوپەلە بەنرخەکانەوە و لەکاتى ونبوندا لەرێگاى ئەو ئێرتاگە و بەهۆی مۆبایلەکەت دەتوانى بیدۆزیتەوە. بەدوو شێواز کاردەکات یەکەمیان بە پیشاندانى شوێنى کەلوپەلەکەت، دووەمیش بە لێدانى زەنگێک شوێنەکە ئاشکرا دەکات.

مۆبایلەکانی ئایفۆن لە ئێستادا خۆکارانە ئاگادارت دەکەنەوە کە ئێرتاگێکی نەناسراو لە دەوروبەرت هەبێت، هەروەها ئەپلیکەشنێکی تایبەتیش بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکانى سیستمى ئەندرۆید بەردەستکراوە بۆ بەکارهێنان.