جیاوازى نێوان بەبانکیکردنى مووچە لە پرۆژەى هەژمارى من و بانکە فیدراڵییەکان

ئامێرێکى ئەلکترۆنى راکێشانى پارە.

هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق، لەسەر بابەتى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ناکۆکن و حکومەتى هەرێمى کوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەى مووچەى فەرمانبەران لە پرۆژەى هەژمارى من بە بانکى بکرێت، وەزارەتى دارایی عێراقیش، جەختدەکاتەوە لەسەر بە نیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە فیدراڵییەکان.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، جیاوازییەکى زۆر لەنێوان خزمەتگوزارییەکانى پرۆژەى هەژمارى من و بانکەکانى رەشید و رەفیدەین هەیە، بە جۆرێک لە هەژمارى من 19 خزمەتگوزاریى سەرەتایی بۆ بەشداربوو هەیە، هیچ جۆرە پێشینە و قەرزێکیان تێدا نییە، حەوت لە خزمەتگوزارییەکانیش بە پارەن لەوانە، وەرگرتنى مووچە، دروستکردنى کارت بۆ سێ ساڵ، دروستکردنى کارتى لەکارکەوتوو، دروستکردنى کارتى ونبوو، راکێشانى پارە لە ئەى تى ئێمى بانکێکى دیکە، دەرکردنى ژمارەى نهێنى و دەرکردنى بانکى بۆ سێ ساڵ.

12  خزمەتگوزارى دیکەى هەژمارى من بێبەرامبەرن، وەکو: کردنەوەى هەژمار، کرێى بەڕێوەبردنى هەژمارەکەت، راکێشانى پارە، کڕینى ئۆنلاین، کڕین لە خاڵەکانى فرۆشتن، نرخى نێوان لقەکان، دەرکردنى کارتى پێشوەختە، بانکى ئۆنلاین، ئەپى مۆبایل، بەیاننامەى ئەلیکترۆنى، ئاگادارکردنەوەى کورتە نامە، و خزمەتگوزارى کڕین.

هەرچى بانکى رەفیدەینە، چەندین خزمەتگوزارى پێشکەشدەکات لەوانە، پێدانى قەرز لەنێوان 15 بۆ 150 ملیۆن دینار بۆ کڕینى زەوى، نۆژەنکردنەوە و کڕینى خانوو  ئۆتۆمبێل، کردنەوەى پرۆژەى تەندروستى و پرۆژەى بچوک بەسودى 6%.

هەروەها پێدانى قەرز بەبڕى 25 بۆ 100 ملیۆن دینار بۆ خاوەنى زانکۆ، پەیمانگا، دایەنگەو باخچەى منداڵان بە رێژەى سودى 8%، پێدانى قەرزى 10 ملیۆن دینار بە رێژەى سودى 4% بۆ لێکۆڵەر و  خاوەن بڕوانامە باڵاکان،

خزمەتگوزارییەکى دیکە بریتین لە، پێدانى پێشینەى دوو ملیۆن دینار بۆ بەجێهێنانى عومرە بەبێ سودى بانکی و پێدانى 10 ملیۆن دینار بەو کەسانەى مووچەکەیان لە 500 هەزار دینار زیاترە.

هەرچى بانکى رەشیدە، ژمارەیەک خزمەتگوزارى هەیە لەوانە، پێدانى قەرز بە بێوەژنان،  فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان، خانەنشینان، خاوەن خوێندنگە

هەروەها پێدانى قەرز بۆ کڕینى خانوو، ئۆتۆمبێل، هەر یەکێک لەم قەرزانە بڕەکەى لە نێوان پێنج بۆ 50 ملیۆن دینارە، بە رێژەى سوودى 8%.

بەبڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى، دەبێت مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە فیدراڵییەکان بە بانکى بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە، پرۆژەى هەژمارى من پشتى پێدەبەسترێت یاخود تەنیا بانکە فیدراڵییەکان کارەکە دەکەن.