ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە 33 هەزار کەسی تێپەڕاند

دەرهێنانى منداڵێک لەژێر پاشماوەى خانووە رووخاوەکانى کەرتى غەززە. فۆتۆ: AP

وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی کەرتەکە لەدوای دەستپێکی شەڕەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، 33 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 62 کەس کوژراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا ژمارەی کوژراوان 33 هەزار و 37 کەسە و 75 هەزار و 668 کەسیش برینداربوون.

هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کارمەندانی رێکخراوی چێشتخانەی خۆراکی جیهانی کە تیایدا حەوت کارمەند کوژران، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا  و ناڕەزایەتییەکانی دژی ئیسرائیل زیادیکردووە.

ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، بە هەڵە بووە، بەڵام رێکخراوەکە خۆی دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی پلان بۆدانراو بووە، پێشووتریش ئاماژەی بەوەکردبوو، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری جووڵەی کارمەندانی رێکخراوەکە بووە و پەیوەندیشیان لەگەڵیاندا هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەمیانی پەیوەندییەکدا لەگەڵ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوایکردووە، هەنگاوی بینراو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی رێکخراوەکانی بەهاناوەچوونی کەسانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.

ئەوەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا شەڕ لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ پەیڕەوکردنی ئاگربەست تاوەکو ئێستا درێژەی هەیە بەوپێیەی هەردوولا مەرجی خۆیان هەیە.