جان تۆماس جانۆ.. گەڕیدەیەک لە قوتابخانە موزیکییەکانی کوردستاندا

هونەرمەند و موزسیانێکی دیاری کوردە، لە چەندین ناوەندی هونەریی و موزیکیی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، جان تۆماس جانۆ، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی چواری نیسانی 1947 لەدایکبووە.

جان تۆماس جانۆ، لە تەمەنی شەش ساڵییدا، دەستیکردووە بە خوێندن، قۆناغە سەرەتاییەکانی بە سەرکەوتوویی لە خوێندنگەکانی شاری کۆیە تەواوکردووە، خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواودەکات و لە شاری سلێمانی، لە پەیمانگەی مامۆستایان دەرێژەی بە خوێندن داوە.

ساڵی 1957، کاتێک هونەرمەند و مامۆستای موزیک، ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ باکووری، دەگەڕێتەوە شاری کۆیە، وەکو مامۆستای ئینگلیزی لە ناوەندی کوڕانی کۆیە دادەمەزرێت، کاریگەرییەکی گەورەشی هەبووە لە دەرخستنی توانای موزیکیی خوێندکارەکان، تیپێکی موزیکیی بەناوی "تیپی مۆسیقای باواجی" دروستدەکات و منداڵەکان بە ئامێرە موزیکییەکان ئاشنادەکات و جان تۆماس یەکێک دەبێت لەو منداڵانەی لەسەر دەستی باکووری، ئاشنای ژەنین و موزیک بووە و بە "دەف"، راهێنانی کردووە.

هونەرمەند و فێرکاری موزیکی، ویلیەم یوحەننا، نزیکایەتیی لەگەڵ جان تۆماسدا هەبووە، لە قۆناغی خوێندنی لە پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانی، لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا، ماوەی دوو ساڵ، وەکو خوێندکاری موزیک لەسەر دەستی ویلیەم یوحەننا فێری موزیک و نۆتەکان بووە، لەم قۆناغەوە ئامێری کەمان دەژەنێت، بە گوتەی هاوڕێ و کەسانی نزیکی ئەم هونەرمەندە، توانیویەتی بەشێوەیەکی زۆر باش، ئامێرەکە بژەنێت و ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ تیپی موزیکی سلێمانی کاری هونەریی ئەنجامداوە.

پاش بەدەستهێنانی بڕوانامە لە شاری سلێمانی، جان تۆماس دەگەڕێتەوە شاری هەولێر، لە شارۆچکەی هاودیان دامەزراوە و ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، لەکاتێکیشدا دانیشتووی شاری هەولێر بووە، رۆڵی گەورەی هەبووە لە بەڕێوەبەردنی تیپی موزیکی باواجی شاری کۆیە، یەکێک بووە لە ئەندامە کاراکانی ئەم تیپە و لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا کاری هونەریی ئەنجامداوە، لە تیپە موزیکییەکانی هەولێر و خانزادیشدا کاری گەورەی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی خشتەی تێپەڕینی کات و ژیاری هونەریی، جان تۆماس بەم جۆرەی خوارەوە، کاری لە هونەردا کردووە و موزیکی کردووە بە ئیلهامبەخشی سەرەکی ژیانی:

ساڵی 1966 بۆ 1968، هونەرمەند لە تیپی موزیکی سلێمانی.
ساڵی 1972 بۆ 1974، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تیپی موزیکی باواجی کۆیە.
بەهاری 1974، بەشداریی لە یەکەم فێستیڤاڵی هونەری کوردی شاری بەغداد.
ساڵی 1976 بۆ 1979، تیپی موزیکی "جۆزێف تریۆ"ی لەگەڵ "یوسف باکووری" دامەزراندووە.
ساڵی 1977 بۆ 1980، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تیپی موزیکی هونەری هەولێر.
ساڵی 1980 بۆ 1984، سەرپەرشتیاری تیپی موزیکی خانزاد.

چەندین پۆست و پلەی دیاریکراوییشی پێبەخشراوە، لەوانە: کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئۆرکێسترای کوردستان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی لقی هەولێر و دواتر لە ساڵی 2001 بووە بە سەرۆکی سەندیکاکە.

لە ئاستی خزمەتکردنی موزیک بە بڵاوکردنەوەی وتار و نووسراو، خاوەنی چەندین وتار و بەرهەمی جیاوازە، کتێبی "رەمزەکانی مۆسیقای کوردی" لە ساڵی 1998 نووسیوە، بە گوتەی پایەدار بەرزنجی، وێڕای ژەنینی کەمان، جان تۆماس درەمەرێکی باش بووە، لە یەکەم تیپی رۆژئاوایی شاری هەولێر، ژەنیاری درەم بووە و ساڵی 1980، بەهۆی شارەزاییەکەی لە موزیکی رۆژئاوایی، تیپێکی موزیکیی رۆژئاوایی لە یەکێتی ئافرەتان دادەمەزرێنێت.

جان تۆماس، موزیکی بۆ چەندین گۆرانی دیاری کوردی داناوە، لە دیارترینیان: هەموو رۆژێ لەبەر سەیری بتی ئەو بەژن و باڵایە لەسەر رێ ئەوەستم هەتاکو ئاوی پێم دایە، بۆ کچێکی شۆخ، زۆر قژی زەرد سەرنجی راکێشاوم.

رێکەوتی شەشی تەمموزی 2023، جان تۆماس جانۆ، لە تەمەنی 76 ساڵییدا، پاش ماوەیەک لە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی، کۆچیدوایی دەکات و لە شاری هەولێر، بەخاک دەسپێردرێت.