ئەو پیاوەی گورچیلەی بەرازی بۆ چێنرا نەخۆشخانەی جێهێشت

بۆ یەکەمین جار چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ کرا

ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 4/4/2024، یەکەمین کەس کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گورچیلەی بەرازی بۆ چێنرا، بە تەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانەی بەجێهێشت.

ریچارد سلێیمان، کە دانیشتوویەکی شاری ماساشوتی ئەمریکایە، ماوەی چەند ساڵێکە بەدەست کۆتا قۆناغی نەخۆشیی گورچیلەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ریچارد لە ساڵی 2018دا نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی مرۆڤی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکەوە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو نەبووە و ساڵی 2023 گورچیلەکە شکستی هێنا.

دوای ئەوەی پزیشکەکان بە ریچاردیان گووت کە پێویستیی بە چاندنی گورچیلەیەکی دیکەیە، ئاسان نەبوو بۆ جاری دووەم گورچیلەیەکی مرۆڤیان دەستبکەوێت، هەربۆیە پزیشکەکان پەنایانبردەبەر نەشتەرگەرییەکی ئەزموونی بۆئەوەی گورچیلەی بەراز بۆ ریچارد بچێنرێت.

گورچیلەکە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی بەڕیتانیەوە گۆڕانکاریی جێنەتیکی تێداکراوە، ئەمەش لەپێناو لابردنی ئەو جینانەی بەراز کە زیانیان بۆ مرۆڤ هەیە. دوای گۆڕانکارییەکان، تیمێک لە پزیشكی پسپۆڕ، لە رۆژی 16ی ئاداردا لە نەشتەرگەرییەکی چوار کاتژمێریدا گورچیلەی بەرازەکەیان بۆ ریچارد چاند.

ریچارد، لە لێدوانێکدا دەڵێت "دڵخۆشم کە دووبارە لەگەڵ خێزان، هاوڕێ و خۆشەویستانمدا، بەبێ پێویستیی شوشتنی گورچیلە، کە چەند ساڵێکە بارێکی قورسە بەسەر ژیانمەوە، کاتبەسەردەبەم"
هەروەها ریچارد باس لەوە دەکات کە ئەم کارەی خۆنەویستانە بووە "ئەم کارەم تەنیا بۆخۆم نەکرد، بەڵکو ویستم ببێتە هیوایەک بۆ هەموو ئەوانەی پێویستییان بە چاندنی گورچیلەیە و دەیانەوێت بژین"

پڕۆسەی چاندنی ئەندامەکانی جەستە دەمێکە جێبەجێدەکرێت، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1954دا نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە کرا.

ئێستا، لە جیهاندا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە چاوەڕوانیی بەخشەراندان تاوەکو ئەندامێکی جەستەیان بۆ بچێنرێت، بەجۆرێک، تەنیا لە ئەمریکا نزیکەی 100 هەزار کەس پێویستییان بە وەرگرتنی ئەندامی جەستەیە. ئەگەر نەشتەرگەرییەکەی ریچارد سەرکەوتنێکی درێژخایەن تۆماربکات، ئەوا دەکرێت ببێت بە هیوایەک بۆ هەموو ئەو .کەسانەی کە لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی ئەندامی جەستەدان