بافڵ جەلال تاڵەبانى و نێچیرڤان بارزانى گەیشتنە بەغداد

كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

ئەمرۆ 6ـی نیسان بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە جیا گەیشتنە بەغداد.

سەردانەکەى سەرۆکى یەکێتى و جێگرى سەرۆکى پارتى، بەمەبەستى بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەیەکى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، کە تێیدا دواین پێشهاتەکانى گۆرەپانى سیاسى عێراق و سەردانى چاوەڕوانکراوى سودانى بۆ ئەمریکا و هاتنى ئەردۆغان بۆ عێراق و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان و عێراق تاوتوێدەکرێن.

سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانى، جگە لە بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆدەبێتەوە.