وەزارەتی دارایی: بەغداد 430 ملیار و 109 ملیۆن دیناری بۆ مووچە نارد

دیناری عێراقی، فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 430 ملیار و 109 ملیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 430 ملیار و 109 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پارەیە بەشێکە لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 130 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد.

دوێنێ شەممە 6ی نیسانی 2024، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبکرێت.