حکومەتی هەرێمی کوردستان: بانکی بەغداد بەشداری لە پرۆژەی "ھەژماری من" دەکات

لۆگۆی هەژماری من.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق (CBI، بانکی بەغداد دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەشداریکردنی بانکی بەغداد دەبێتە هۆی فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان کە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خەرجیی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی بەغداد یەکێکە لەو بانکانەی کە زۆرترین لقی هەیە و لە هەرێمی کوردستان شەش لقی هەیە.

فەرمانگەی میدیای و زانیاری دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا، بانکی زیاتر بەشداری بکەن، ئەمەش بژاردەی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات و خزمەتگوزارییە داراییەکان بە شێوەیەکی گشتی فراوانتر دەکات.

وەک ئەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی کراوەتەوە و پرۆژەکە بەردەوامە و تا کۆتاییی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار دەکرێن.