کۆڵینز دوای مەیامی کراوە چاوی لە بەدەستهێنانی ناسناوی چارلیستۆنە

دانیڵ کۆڵینز، یاریزانی تێنسی سەرزەوی. فۆتۆ: AP

لە پاڵەوانییەتی چارلیستۆن تایبەت بە تێنسی خانمان، دانیڵ کۆڵینزی ئەمریکی رووبەڕووی ماریا ساکاری یۆنانی بووەوە و کۆڵینز لەم پاڵەوانییەتیە بەردەوامە لە ئاستە نایابەکەی و توانی ساکاری بکاتە دەرەوەی پاڵەوانییەتیەکە و خۆی گەیاندە قۆناغی کۆتایی.

کۆمەڵەی یەکەم و دووەم هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کێ دەیباتەوە، چونکە کۆڵینز بە تەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەی کردبوو، هەموو کۆمەڵەکانی بردەوە و بە کۆی گشتیش خاڵی کۆمەڵەکان 6 بە 3 و 6 بە 3 بوون، بەم شێوەیە کۆڵینز، سەرکەوتنی بۆ قۆناغی کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە مسۆگەرکرد.

دانیڵ کۆلینز، لە کاتی بەدەستهێنانی ناسناوی کراوەی مەیامی 2024. فۆتۆ: AP

کۆڵینز پلەی 22می ریزبەندی جیهانی گرتووە، لە یاریی داهاتووشدا رووبەرووی داریا کاستاکینای رووسی دەبێتەوە، کاستاکینا توانی لەم پاڵەوانییەتیە جێسیکا پێگولای ئەمریکی بکاتە دەرەوە و بە هەمان شێوە ئەویش چاوی لە بەدەستهێنانی دووەم ناسناوی چارلیستۆنە لە کاروانی وەرزشی خۆیدا.

دوایین جاریش کە ئەم دوو یاریزانە رووبەرووبوبێتنەوە ساڵی 2018 بوو، کە لە پاڵەوانییەتی کراوەی رۆما بوو لە ئیتاڵیا، بەڵام کۆلینز خاوەنی ناسناوی کراوەی مەیامی 2024 بوو، کە دوو هەفتە لەمەوپێش بە دەستی هێنا و هەر لەو کاتەشدا خانەنشینبوونی خۆی لە بواری تێنس راگەیاند، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ خانمە ئەمریکیەکە، تاوەکو لە کۆتا ساتەکانی یارییکردنی، زۆرترین دەستکەوتی هەبێت.