خانەیەکی ئەمریکی چەند پارچەیەکی مێژوویی دزراوی مەکسیک دەفرۆشێت

خانەیەکی زیادکردنی ئەمریکا، وێڕای ئاگاداریی لایەنە فەرمییەکان، چەند پارچەیەکی مێژوویی وڵاتی مەکسیک دەفرۆشێت.

خانەی زیادکردنی ئارتەمیس لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، لەماوەی رابردوودا، ژمارەیەک پارچەی مێژوویی و کەلەپووریی تایبەت بە مەکسیکی نمایشکرد و بانگەشەیەکی ئاشکرای بۆ کرد کە لە زیادکردندا دەیانفرۆشێت، ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە و وەزیری کولتووری مەکسیک پەیامێکی ئاگادارکەرەوەی ئاڕاستەی خانەکە کرد.

بە گوتەی فراوستۆ گوێرێرۆ، وەزیری کولتووری مەکسیک، "هیچ شتێک لەوە ناڕەوشتانەتر نییە، نرخ بخەیتە سەر پارچەیەکی کەلەپووریی نەتەوەیەک"، مەکسیکییەکانیش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هاشتاگی "کەلەپوورم بۆ فرۆشتن نییە"، پشتگیرییان لە داوای وەزیری کولتوور کرد لە وەستاندنی فرۆشی پارچەکان.

وێڕای ئاگادارکردنەوەکان، خانەکە بەردەوام بوو لە بانگەشەکانی و لەماوەی رابردوودا، لە بنەڕەتی 25 پارچەی نمایشکراو، 16 دانەی فرۆشت، کە بریتین لە: جووتێک گوارەی مایا، پۆرترەیتی خانمێکی مایا، ملوانکەی سەری خوداوەند کیۆنیچ ئاهاو و گۆزەیەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1200 زاینی.

خانمی یەکەمی مەکسیک، بیاتریز گۆتێرێز مولەر، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی، ئەو پارچە فرۆشراوانە "لە مەکسیکەوە دزراون".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا، خانەکانی زیادکردن بەردەوامن لە فرۆشتنی پارچە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی مەکسیک و وێڕای نایاسایی مامەڵەکانیان، گوێ بە داواکاریی لایەنە فەرمییەکانی وڵاتەکە نادەن.