Pictographic documents known as "Los Codices de San Andres Tetepilco" are projected on a screen during their presentation at the Museum of Anthropology on March 20, 2024, in Mexico City. (Photo by Yuri CORTEZ / AFP)

سێ دەستنووسی دەگمەن و ناوازە لە مەکسیک دۆزرانەوە

سێ دەستنووسی کۆن و دێرینی وڵاتی مەکسیک، بۆ کتێبخانەی نیشتمانیی مرۆڤناسی و مێژوو زیاددەکرێن، کە بەهایەکی گەورەی مرۆییان هەیە بۆ ناسینی زیاتری ژیاری کۆنی وڵاتەکە.

لە وڵاتی مەکسیک، سێ دەستنووس و بەڵگەی دێرین، لە کۆکراوەیەکی تایبەتییدا دۆزراونەتەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر و گۆشەنیگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە مێژووی مرۆڤایەتیی وڵاتەکە و ناوچەی ئەمریکای ناوەڕاست دروست دەکەن.

دەستنووسەکانی سان ئاندریاس تێتێپیلکۆ، بە یەکێک لە دەستنووسە دۆزراوە گرنگەکانی مەکسیک دادەنرێن، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 400 ساڵ لەمەوبەر و لە کۆکراوەیەکی تایبەتی خێزانێکی خانەدانی وڵاتەکە دۆزراونەتەوە.

بە گوتەی بالتازار بریتۆ، بەڕێوەبەری کتێبخانەی نیشتمانیی مرۆڤناسی و مێژووی مەکسیک، "ئەم دەستنووسانە گرنگیی و بەهایەکی گەورەیان بۆ مێژووی وڵاتەکە هەیە"، ئاماژەی بەوەش دا، گۆشەنیگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە ژیاری مرۆیی کۆنی مەکسیک دروستدەکەن.

ئەم دەستنووسانە، لە ناوەڕۆکدا خاوەنی چەندین وێنەی کێشراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەیەم و سەرەتای حەڤدەیەم، دوو دەستنووسیان، سەبارەت بە دامەزراندنی شارۆچکەی تێتێپیلکۆن، هاوتای چەند بابەتێکی گرنگ سەبارەت بە پایتەختی ئازتێکەکان.

ئەو بنەماڵەیەی ماوەی دەیان ساڵە خاوەنی ئەم دەستنووسانەن، داوایان کردووە ناسنامەیان پارێزراو بێت، هاوکات لەلایەن حکومەتی مەکسیکەوە بە بەهای زیاتر لە 560 هەزار دۆلار، دەستنووسەکانیان لێ دەکڕدرێتەوە.

لە ئاستی مێژووی کۆندا، وڵاتی مەکسیک خاوەن چەندین شارستانییەتی جیاواز و کاریگەر بووە، لەوانە: ئۆمێک، مایا، تۆلتێک و ئازتێک، کە پێکەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ژیار و کولتووری کیشوەرەکانی ئەمریکا دروستکردووە و شانشینەکانیان سنووری دەرەوەی مەکسیکیان بڕیوە.