سبەی کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ بەشداربووانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات

ژن و پیاوێک پاش دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە سلێمانی. فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

بڕیارە سبەی کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق تیروپشک بۆ پێدانى ژمارە بە لیست، هاوپەیمانێتى و بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.

محەمەد یونس، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تیروپشک بۆ پێدانى ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتى و بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت و هیچ نیازێک بۆ دواخستنى نییە.

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیرانى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دوو هاوپەیمانى، 10 حیزب و 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوى خۆیان تۆمارکردووە.

کۆى بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 886 کەسن، 609 بەربژێری نێر و 277 بەربژێری مێ.