پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران لەهەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە

هاونیشتمانییەك لەكاتی ژماردنی پارەدا. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

وەزارەتى دارایى رێکارەکانى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى دەستپێکردووە، گوتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، "کاتى پێویستە بۆ تەواوکردنى سەرجەم دۆسیەى فەرمانبەران و مامۆستایان".

هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە كەناڵ8ـی راگەیاند، "وەزارەتى دارایى داواى لەهەموو وەزارەتەکان کردووە رێکارى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ وەزارەتى دارایى رەوانە بکەن، ئەوکات وەزارەتى دارایى سەیرى دۆسیەى یەک بەیەکى فەرمانبەران و مامۆستایان دەکاتەوە".

گوتیشى، "پاش تەواوکردنى سەرجەم دۆسیەى فەرمانبەران و مامۆستایان، ئەوکات لیستى مووچە رەوانەدەکەین بە پلە بەرزکردنەوەوە، لەگەڵ حکومەتى عێراق گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەى شایستەى دارایى مووچەى فەرمانبەران و مامۆستایان بە پلەبەرزکردنەوە رەوانەبکرێت".

گوتەبێژى وەزارەتى دارایى ئەوەشى روونکردەوە، جارێ نازانن ئەو بڕە پارەیە چەندە بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و مامۆستایان پێویستە، بەڵام پاش تەواوکردنى سەرجەم دۆسییەکان بڕى ئەو پارەیە دەردەکەوێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، مەولود سابیر، بەڕێوەبەرى بانکە بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان لە نووسراوێکیدا داواى کردووە، لیستى مووچەى کارمەندانى بانکەکان بە پلەبەرزکردنەوە رەوانەبکرێت، تاوەكو پاش تەواوکردنى رێکارەکان مووچەکانیان بە پلەبەرزکردنەوە بۆ خەرجبکرێت.