دوو رۆژنامەنووس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران

هەردوو رۆژنامەنووس ئیرەج محەمەدزادە و رەسوڵ گەلەبان.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژنامەنووسان ئیرەج محەمەدزادە و رەسوڵ گەلەبان دەستگیرکران.

میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، ئیرەج محەمەدزادە رۆژنامەنووسی خەڵکی جوانڕۆ، لە دوای بانگهێشتی بۆ دادگای ئەو شارە دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ کرماشان.

ئاماژە بەوەشکراوە، محەمەدزادە تەمەنی 45 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای زانستە سیاسییەکانیشە و سەرپەرشتیی کەناڵێکی تێلگرامی بە ناوی "تیترێ غەرب" کردووە.

هەروەها لە شاری ورمێ رۆژنامەنووس رەسوڵ گەلەبان لەلایەن بەشی چاودێریی ئیلکترۆنیی پۆلیسی ئێرانەوە  دەستگیرکراوە.

رەسوڵ گەلەبان، بەڕێوەبەری پەیجی هەواڵی "ورمێ 24" بووە و لە پەیجەکەیدا وەکو بێژەریش هەواڵی پێشکەشکردووە.