ئاماژە دەروونییەکانی پشت ناونیشانی فیلمی دووەمی جۆکەر

ناونیشانی فیلمی دووەمی جۆکەر مانای چییە؟

بەشی دووەمی فیلمی جۆکەر، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا نمایشدەکرێت. بینەران چاوەڕێی بینینی شاکارێکی نوێن، دەیانەوێت بزانن لە بەشی دووەمی فیلمەکەی تۆد فیلیپسی دەرهێنەردا چی روودەدات. ئەوەی چاوەڕوانییەکانی زیاتر کردووە، ناونیشانە نامۆکەی بەشی دووەمی فیلمەکەیە.

جۆکەرە رەسەنەکە، کە ساڵی 2019 نمایشکرا، بە یەکێک لە باشترین فیلمە کۆمیکەکانی مێژوو دادەنرێت، فیلمەکە چەندین خەڵاتی بردەوە و خواکین فینیکسیش، بۆ رۆڵەکەی، ئۆسکاری باشترین ئەکتەری سەرەکیی بەدەستهێنا. جیاوازیی جۆکەرەکەی تۆد فیلیپس، ئەو تێڕوانینە قوڵە خەمهێنە بوو کە وای لە بینەر دەکرد لەگەڵ دژەپاڵەوانێکدا هاوخەم بێت کە لە فیلمەکانی دیکەدا، دژی باتمان بوو و لای بینەران وەک دژەپاڵەوان تەماشادەکرا.


فیلمی یەکەم، چەندین ئاماژەی دەروونیی قوڵی تێدابوو. بینەر لە نزیکەوە، لە برینەکانی کاراکتەرەکە دەگەشت و لەگەڵیدا دەژیا. فیلمی دووەمیش، هەر لە ناونیشانەکەیەوە ئەو ئاماژەیە بە بینەر دەدات کە لێکدانەوەی دەروونیی کاراکتەر، بەشێکی سەرەکیی چیرۆکەکە داگیردەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ناونیشانی فیلمەکە، چیمان پێدەڵێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی چیرۆکە دەروونییەکانی ناو فیلمەکە.

ناونیشانی فیلمەکە Joker: Folie a Deuxە، چەمکەکە لە بنەڕەتدا چەمکێکی فەرەنسییە و بە کوردی دەبێت بە شێتیی دووانی، واتا بەو وەهمانە دەگوترێت کە دوو کەس پێکەوە باوەڕیان پێیەتی و هەرچەند بەڵگەیان بخەیتە بەردەست و بۆیان روونبکەیتەوە کە پێچەوانەکەی راستە، ئەوان لەسەر وەهمەکەی خۆیانن و پێیانوایە ئەوە راستەقینەیە. لە زانستی پزیشکیی دەروونیدا، وشەی "دیلوژن" بە واتای وەهم دێت، بۆ نموونە "کەسێک پێیوایە لەگەڵ بوونەوەری ئاسمانیدا قسە دەکات."، "کەسێکی دیکە پێیوایە دامودەزگا سیخوڕییەکان بەردەوام بە دوایدا دەگەڕێن"، یان "کەسێک وادەزانێت تواناکانی سنووریان نییە و لە بانسروشتەوە پەیامی ئاسمانی پێدەگات." ئەمانە پێیاندەگوترێت وەهم و یەکێکن لە نیشانە دەروونییەکان کە دەکرێت لە هەریەک لە نەخۆشییەکانی سکیزۆفرینیا، دووجەمسەری و پەشێوییە سایکۆسسەکانی دیکەدا دەربکەون، ئەم نەخۆشییانە تایبەتن بە یەک کەس و نیشانەکان لە یەک کەسدا دەردەکەون، بەڵام ناونیشانی بەشی دووەمی جۆکەر، ئاماژەیە بۆ هەمان وەهم، بەڵام کاتێک دوو کەس پێکەوە باوەڕیان پێیەتی، ئەم کەسانە زۆرجار ئەوانەن کە پێکەوە دەژین، بۆ نموونە ژن و مێرد یان دوو کەس کە ماوەیەکی زۆر پێکەوە هەمان کار دەکەن، بەڵام ئایا لە جۆکەردا، کام دوو کاراکتەر لە وەهمدا دەژین و چیرۆکەکانیان وابەستەی وەهمێکە کە بینەران تا ئێستا وایانزانیوە راستییە؟


هەرچەندە تۆد فیلیپس پاش دروستکردنی فیلمی یەکەم گوتی کە فیلمەکە وا دروستنەکراوە بەشی دووەمی بۆ بەرهەمبهێنریت، بەڵام ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێیکرا و ئەو خەڵاتانەی بردییەوە، بەرهەمهێنانی فیلمی دووەمی کردە ناچاری. شێتیی دووانی چەند لێکدانەوەیەکیان هەیە، هەندێکیان روونن و هەندێکیان نادیار. بیرۆکەی هەبوونی وەهمێکی دووانی، بە تەواوی لەگەڵ کاراکتەری جۆکەردا دەگونجێت، بەڵام رەنگە ئاماژەش بێت بۆ پەیوەندیی جۆکەر لەگەڵ کاراکتەرێکی دیکەی دیسیدا.


روونترین ئەگەر ئەوەیە ناونیشانەکە ئاماژە بێت بۆ پەیوەندیی جۆکەر و باتمان، دەکرێت ئەم دوو کاراکتەرە، تەواوی چیرۆکی ژیانیان لەسەر وەهمێک بنیادنابێت کە هەرگیز لە راستیدا بوونی نەبووە و دەرهێنەر وەک شێتیی دووانی ئاماژە بەم پەیوەندییە بکات.

ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە دەکرێت دوو یان زیاد لە دوو جۆکەر هەبن. واتا رەنگە چەند جۆکەرێک هەبن و شێتیی دووانی یان شێتیی بەشکراو، ئاماژەبێت بۆ هەموو ئەو کاراکتەرانەی خۆیان بە جۆکەری رەسەن و تاکە جۆکەر دەزانن و سەرجەمیان لە وەهمدا دەژین. ئەگەر لە جۆکەرێک زیاتر هەبێت، ئەگەرەکان کراوەن و دەکرێت جۆکەرە نوێکە، ببێتە هاوتیمی جۆکەرە سەرەکییەکەی بینەران دەیناسن، دەشکرێت لە هەمان تیم نەبن و دوو کاراکتەری دژ بن.

پاش ئاشکراکردنی ستافی بەشی دووەمی جۆکەر، ئەوەش زانرا کە لەیدی گاگا رۆڵی هارلی کوین دەبینێت، دەکرێت ناونیشانی فیلمەکە ئاماژەیەک بێت بۆ پەیوەندیی هارلی و جۆکەر. کاراکتەری هارلی کوین و ناونیشانی فیلمەکە، دەکرێت ئاماژە بن بۆ ئەو پەیوەندییە قوڵەی نێوان دوو کاراکتەرەکە و کاریگەرییەکەنیان لەسەر یەکتر، کە هەر یەکێکیان هۆکارێکن بۆ زیادکردنی وەهمەکانی کاراکتەرەکەی دیکە و ئەمەش پاڵنەری سەرەکییانە بۆ زیادکردنی حەزە سرووشتییەکەیان بۆ تاوان.

سەرەڕای هەموو ئەگەرەکان، رەنگە ناونیشانەکە هیچ کام لەو مانایانەی نەبێت و تەنها بۆ ئەوە بێت بینەران زیاتر چاوەڕێبن و تاکو رۆژی نمایش لەسەر پێیەکانیان بن بۆ وەڵامی پرسیارەکە. ئەوەی کە روونە و دەزانرێت، فیلمە نوێکەش هاوشێوەی بەشی یەکەمی فیلمەکە، بە قوڵی دەچێتە ناو دەروونی کاراکتەرەکانەوە و ئەمجارە لایەنی دەروونی پشت پەیوەندییەکانی جۆکەریش دەبینین.