نرخى زێڕ زیاتر بەرزبووەوە

زێڕەنگەرێک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

نرخی زێر بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ پێنج دۆلاری دیكە چووە سەر نرخەکەی و یەک ئۆنسە گەیشتە دوو هەزار و 360 دۆلار. 

شیکاریی پێگەی گۆڵدن پرایس بۆ بازرگانیی کانزا گرانبەهاکان پێیوایە، بەردەوامی ناجێگیریی نرخی زێر لە ژێر کاریگەریی ناسەقامگیری و بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماسدایە و کاریگەریی گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوانیان، ئەگەر ئاگربەستێکی راستەقینە بکرێت، ئەگەری هەیە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر 100 دۆلاریش دابەزێت.

لەلایەکی دیکەشەوە لە مانگی ئازاردا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1%ـەوە بۆ 3.2% بەرزبووەوە، هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێک لە رێژەکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر زێڕدەبێت و ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەو کات دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات.

هەرچی سەبارەت بە بازارەکانی هەرێمی کوردستانە، بەهۆی پشووی جەژنی رەمەزانەوە بازاری زێڕ و دراوەکان تاوەکو رۆژی شەممە بە داخراوی دەمێنێتەوە.