نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر لە جیهاندا گیانیانلەدەستداوە

ژمارەیەک کۆچبەر لە ئیتاڵیا

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە دەریای ناوەڕاست، نۆ کۆچبەر خنکاون کە یەکێکیان منداڵ بووە.

فەرماندەی هێزەکانی کەنار دەریا لەئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆمەکی فریاگوزاری و رزگارکردنیان پێشکەش بەو بەلەمە کردووە، کە لە دووریی 30 میل لە باشووری دوورگەی لامبیدوسای دەریای ناوەڕاست ژێرئاو کەوتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانیان توانیویانە 22  کۆچبەر رزگار بکەن و تەرمی 11 کۆچبەری دیکەشیان دەرهێناوەتەوە، کە یەکێکیان منداڵ بووە.

فەرماندەی هێزەکانی کەنار دەڵێت، ئۆپراسیۆنی بە هاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە قورس بووە، چونکە لە کاتێکدا شەپۆلى دەریا بەهێز بووە و لە هەندێک شوێن بەرزیی شەپۆلەکان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو مەتر و نیو.

کۆچبەرە ئەفریقییەکان لەڕێگەی بەلەمی پلاستیکییەوە، رێگەی دەریای ناوەڕاست بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، زۆرجاریش بەهۆی شەپۆلی دەریاوە بەلەمەکانیان تێکدەشکێت و نوقمی دەریا دەبن.

بە گوێرەی سەرژمێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2023، زیاتر لە هەشت هەزار و 500 کەس لەڕێگەی کۆچ لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، بە بەراورد بە ساڵی 2022، لە 20% زیادیکردووە.