کەشناسی بۆ هاونیشتمانییان: سبەی باران نابارێت هیواى سەیرانێکى خۆشتان بۆ دەخوازین

هاوینەهەواری دووکان، فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، سبەی هەینی پێشبینی دابارین نییە و هاونیشتمانییان دەتوانن بچن بۆ سەیران و کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هیواى گەشت و سەیرانێکى خۆشتان بۆ دەخوازین.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەى هەینی ئاسمانى هەرێمی کوردستان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەور دەبێت و پلەکانى گەرما 2 پلە بەرزدەبنەوە و پێشبینى دابارین نییە تەنها لە ناوچە شاخاویە سنوریەکان نەبێت و هیوای گەشت و سەیرانێکى خۆش بۆ هاونیشتمانییان دەخوازن.

کەشناسی دەڵێت: ئێستا لە وەرزی بەهارداین ئەگەرى دروست بوونى گەواڵەهەورى ناوخۆیی  وتاوەباران هەیە لە ناوچەى جیا جیا.

هاوکات، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، سبەی هەینی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان خۆشدەبێت و ئەگەری بارانباررین نییە و هاونیشتمانییان دەتوانن بچن بۆ گەشت و سەیران.

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی شەممەش کەشوهەوا جێگیردەبێت و ئەگەری بارانبارین نییە، رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای دهۆک باران دەبارێت، بەڵام رۆژی دووشەممە تاوەبارانی بەهاری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.